"لەمەودوا هەر چوار ساڵ جارێك كەسێك سكرتێری یەكێتی دەبێت"

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە دوپاتیدەكاتەوە، پێشمەرگە نەچۆتە سەر خاكی كەس تاكو دەری بكەن، ئێمە هێشتا زۆرمان ماوە تا بگەینە سنووری مێژوویی كوردستان كە سنوورەكەی زنجیرە چیای حەمرینە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە دیدارێكی ئاژانسی ئەنادۆڵدا وتویەتی "ئەو ناوچانە بەناوچە داگیركراوەكانی هەرێمی كوردستان دەزانم كە دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق هاتوون ئەو ناوچانەیان داگیركردووە و دانیشتوانەكەیان بەعەرەب كردووە و كوردیان دەركردووە لێی، ئێستا كورد چووەتەوە سەر خاك و ئاوی خۆی، ئێمە ناشمانەوێت خەڵكانی عەرەبی ئەو ناوچەیە دەربكەین تەنها ئەو عەرەبانە نەبێت كە بۆ تەعریبی ناوچەكە هێنراون".

لە بارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەشی، مەحمود سەنگاوی وەك یەكێك لە سەركردە دیارەكانی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی وتویەتی "ئێمە ئامانجمان چاككردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هیچ ئامانجێكی ترمان نییە و ئامانجی ئەوەمان نییە لە یەكێتی جیاببینەوە یان پۆست و دەسەڵات وەربگرین. ئێستاش هەندێك جووڵانەوە هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ لەناو یەكێتی و بۆ لێكتێگەیشتن لەناو هەمووماندا، هەموومان لە مەكتەبی سیاسی بڕیارەكانی خۆمان بدەین و جێبەجێی بكەین، ئومێدێك هەیە و ئەوە چەند كۆبوونەوەیەكە ئێمە دەچینە مەكتەب سیاسی و لە كۆبونەوەكاندا دادەنیشین و قسەی خۆمان دەكەین، هەوڵدانی ئێمە بۆ رێكخستنەوەی یەكێتییە، بۆیە ئێمە لەناو یەكێتیداین و لە یەكێتی ناچینە دەرەوە و هەوڵیش دەدەین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێك بخەینەوە".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر وتی "هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین".
سەنگاوی لە بارەی كێشە و جیاوازییەكانی ناو یەكێتی وتی "لە بواری ئیشوكار و خەتی راستی یەكێتی كێشەمان هەیە. لە بواری ئەوەدا كێشەمان هەیە ئێمەی یەكێتی حزبی بنەماڵەیی نین و حزبێكین مام جەلال خۆی بەوشێوەیەی داڕشتووە كە كێ‌ توانا و ئیمكانیەتی لە رووی سیاسی و سەربازی و ئیداری هەبێت ئەسپی خۆی لە مەیدانەكەدا تاو بدات و ئیشەكان بكات، ئەوە نییە تەنها دەبێت كوڕی مام جەلال یان كاك كۆسرەت یان من بێت، بەڵكو لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە كوڕی هەركەس بێت كەسێكی بەتوانا بێت دەسەڵاتی ناو یەكێتی بگرێتە دەست. لەمەودوا دەسەڵاتەكان وا دەبێت كە هەر چوار ساڵ جارێك كەسێك سكرتێری یەكێتی دەبێت، مام جەلال كاریزمایەكی گەورە بوو، بەداخەوە ... ( جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە لە ساڵی 2012 ەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لە كاروباری سیاسی دووركەوتۆتەوە) ئێستا ئێمە كێشەمان نەدەبوو".

زیاتر وتیشی "دەبێت لەمەودوا چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستین و بەپێی پەیڕەویش هیچ كەس لە دووجار بۆی نەبێت بۆ سكرتێری حزب خۆی هەڵببژێرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەوەی لەسەر كۆنگرە بڕیاری خۆمان بدەین، ئێمەش بەرنامە و داواكاری خۆمان هەیە كە چۆن كۆنگرەیەك ببەسترێت بەوەی كۆنگرەیەكی راستەقینەی دوور لە دەستێوەردان و كڕین و فرۆشتنی كادیرەكان بێت و كادیرانی نوێ‌ بێنە پێشەوە".

سەبارەت بەوەی تا چەند گەشبینن بەجێبەجێكردنی داواكارییەكانیان وەك ناوەندی بڕیار و رای باڵی زۆرینە لە مەكتەبی سیاسی لەماوەی ئەم چەند كۆبوونەوەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەرامبەر داواكانیان چۆن بووە، سەنگاوی تەنها ئەوەی وت "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر چاكسازی و داواكاری چاكسازی لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوەكو ئەو كاتەی یەكێتی دەكەوێتەوە سەر رێگا راستەكەی خۆی".




PM:03:06:19/02/2017