پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش دەكرێت

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارەی هاندانی مامۆستایان ئامادەكراوە و هیچ بەربەستێك نییە بۆ خەرجكردنی، لە ئایندەشدا دابەشدەكرێت.

د.سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە رادیۆی نەوای راگەیاند، پارەی هاندان ئامادەكراوە و هیچ كێشەیەك یاخود بەربەستێك نییە لە بواری خەرجكردنیدا. هەروەك لەئێستادا لە خەزێنەكاندا پارەكە ئامادەیە، بەڵام ئەوەی ماوە تەنیا لیستی ژمارەی مامۆستایانە، چونكە پارەی ناوشارو دەرەوەی شار جیاوازە.

هەر لەوبارەیەوە رونكردنەوەی زیاتری دا و دەڵێت "بەشی ژمێریاری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەكان ئەو كارە دەكەن، لەبەرئەوە پرۆژەكە لە تەواوبوندایە و لە ئایندەشدا پارەی هاندان دابەشدەكرێت".

هەروەها لەبارەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی بەرایی دەرەكی پۆلی 12ی ئامادەیی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی  هەرێمی كوردستان بە رادیۆی نەوای راگەیاند، ئەمڕۆ یەكەم رۆژی تاقیكردنەوەی بەرایی بووە و هیچ روداوێكی نائاسایی رووینەداوە.

وتیشی "بەشێوازێكی زۆر ئاسایی تاقیكردنەوەكان بەڕێوەچوە و هەر روداوێكی نائاسایی و نادروست رووبدات بێگومان وەزارەتی لێ ئاگاداردەكرێتەوە، ئەوكاتەش بەپێی پێویست لیژنەی لەسەر دەگیرێت، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە هیچ شتێك رووینەداوە".



PM:04:22:19/02/2017