هەڵسوراوێكی گۆران لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا

ئەمڕۆ هەڵسوڕاوێكی گۆران لەناو بازاڕی سۆران لەلایەن ئاسایشی سنورەكەوە دەستگیركراوە هەتا ئێستایش هۆكارەكەی نەزانراوە.

رۆژنامەنوس كەمال چۆمانی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك رایگەیاندووە" ئەمڕۆ هاوڕێمان سالار چۆمانی، چالاكی مەدەنیی و بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن ئاسایشی پارتیی دیموكراتیی كوردستانەوە لەناو قەزای چۆمان، دەستگیركراوە بێ هەبونی هیچ بڕیارێكی دادگا و بێ هیچ گوناهێك".

وتیشی"سالار چۆمانی، گوایە، لەسەر ئەوە دەستگیركراوە كە بەشداریی كردوە لە ئاهەنگی پارتیی كرێكارانی كوردستان لە قەندیل و ڤیدیۆیەكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا داوای "ئازادیی بۆ باشور" دەكات و دەشڵێت بەڵێ، دەستگیركردنی سالار چۆمانیی رونتر دەریدەخات كە لە هەرێمی كوردستاندا ئازادییەكان پێشیلدەكرێن".

ئاماژەی بەوەشكردووە "بەزوترین كات داوای #ئازادی_بۆ_سالار_چۆمانی دەكەین و داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان و دیموكراتخوازان و سەرجەم رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بەرگریكردن لە ئازادیی سیاسیی و ئازادیی قسەكردن و كۆنسوڵخانەكانی وڵاتان لە هەرێم دەكەین كە فشار بكەین بۆ ئازادكردنی سالار چۆمانی".

چۆمانی باسی لەوەشكردووە "سەلامەتیی ژیانی سالار چۆمانی لە ئەستۆی دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەر پێشێلكارییەك بۆ سەر گیان و ژیانی سالار، بە پێشێلكاریی بۆ سەر خۆمان و ئازادیی و دیموكراسیی دەزانین".



PM:05:03:26/03/2017