وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگەیەکی خۆبەخشی سویدی لەلایەن پەکەکەوە فڕێندراوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، پێشمەرگەیەکی خۆبەخشی سویدی لەلایەن پەکەکەوە فڕێندراوە لە سنووری شنگال و پەکەکەش بە بەرپرسیار دەزانن لە چارەنووسی ئەو پێشمەرگە خۆبەخشە.

لە ڕاگەیەندراوەێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە "نیگەرانین لە چارەنووسی پێشمەرگەی سویدی خۆبەخش (تۆنی ئێکمان) کە ماوەیەکە لە سنووری شنگال لەلایەن هێزێکی سەر بە پەکەکەوە فڕێندراوە و تا ئێستا لەلای ئەو هێزەوە دەستبەسەرە".

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت "ناوبراو ماوەیەک لە سنووری کەرکوک و دواتریش لە سنووری شنگال شانبەشانی هێزەکانی پێسمەرگە لە دژی داعش لە سەنگەردابووە. ئێمە نیگەرانیی خۆمان لە بەرامبەر ئەم کردارە دەردەبڕین و هێزەکانی پەکەکە بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانی ئەم پێشمەرگەیە و هیوادارین لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت".

هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵ و توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو پێشمەرگە خۆبەخشە.

تۆنی ئێکمان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ دا هاتووەتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و تەمەنی ٥١ ساڵانە و بە ڕەگەز سویدییە و وەک خۆبەخش لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بەشداری کردووە لە جەنگی دژی داعشدا.



PM:03:21:28/03/2017