گرووپی جێگرو بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە
"گرووپەکەی تر نیگەرانن لەو کۆبوونەوەیە"

سبەی جارێکی تر وەفدێکی یەکێتی بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و مەکتەب سیاسیە هەولێرییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە، زیاتر لە ٣٠ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نیگەرانن لەو کۆبوونەوەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" سبەی یەک شەممە ٢٤ ی نیسان جارێکی تر ئەو وەفدەی دوا کۆبوونەوەی لە ١١ی نیسان بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی ئەنجامدا، سبەی جارێکی تر لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە، سپی زانیویەتی زیاتر لە ٣٠ ئەندامی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی ناڕازین لەم کۆبوونەوە دووبارەبووەی ئەم گرووپەی یەکێتی لەگەڵ پارتی".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئێستا باڵی ناوەندی و باڵی زۆرینە لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی دا نەماوەو جارێکی تر یەکێتی لەسەر بنەمایەکی تر دابەشبووە بەسەر دوو گرووپدا"، سپی زانیوویەتی گروپێکیان بەهۆکاری جیا جیا لایەنگری رێککەوتنن لەگەڵ پارتی، گرووپەکەی تریش لایەنگری رێککەوتنن پێ لەسەر نەخشە رێگاکەی یەکێتی بۆ چارەسەری دۆخی هەرێم دادەگرن و، پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش پێش ئەنجامدانی راپرسی یەکێکە لە داواکارییە سەرەکیەکانیان".

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو گرووپەی مەیلداری رێککەوتنن لەگەڵ پارتی کە لە کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و مەکتەب سیاسیەکانی هەولێری یەکێتین لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی زۆرینەن، بەڵام ئەم گرووپە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کەمینەن.

سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە ریزبەندی نوێی نێو مەکتەبی سیاسی و  سەرکردایەتی یەکێتی لە ئێستادا بەو شێوەیە دابەشدەبێت و ریزبەندیە کۆنەکەی نێوان باڵی ناوەندو باڵی زۆرینە نەماون، بەکردەوەش هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم و بەرهەم ساڵح لەیەک بەرن و نایانەوێت دۆسیەی خۆیان ئاوێتەی دۆسیەی جێگری یەکەم و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بکەن و تا ئێستا لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی بەشدار نەبوون. 

پارتی دەیەوێت پرۆسەی ریفراندۆم لەمساڵدا بەبێ ئاکتیڤکردنەوەی پەرلەمان ئەنجام بدات، هەرچی یەکێتیشە بووە بە دووبەشەوە، بەشێکیان پێ لەسەر نەخشەڕێگاکەی حیزبەکەیان دادەگرن و بەشەکەی تریان مەیلدارن رێککەوتن لەگەڵ پارتی بکەن.     



PM:11:45:22/04/2017