بەفەرمی چەك‌و تەقەمەنییەكانی ئەمەریكا گەیشتە دەست یەپەگە

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" گەیشتنی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات.

ڕێدور خەلیل وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردۆتەوە و گەیشتنی چەك و جبەخانەیەكی زۆری سەربازیی بەشەڕڤانان لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرادەكات و تەئكیددەكاتەوە، "ئەو بڕیارەی ئەمریكا ھەنگاوەكانی لەناوبردن و بنبڕكردنی تیرۆر لەڕۆژئاوای كوردستان و سوریا خێراتر دەكات".

وتیشی" بڕیارەكەی كۆشكی سپی بەشێوەیەكی ڕەسمی و بەمەراسیم بەڕێوەچوو، "ئەگەرچی درەنگ جێبەجێكرا، بەڵام دەبێت ھەموان ئەو ڕاستیە بزانن كە بڕیارێكی ئێجگار مێژویی بوو".

ماوەی پێنج ساڵ و نیوە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامن لەڕوبەڕوبونەوەو تێكشكاندنی گروپی تیرۆریستی داعش و توانیویانە سنوری ڕۆژئاوای كوردستان لەو گروپە پاكبكەنەوە.

باسی لەوەشكرد "ئەگەرچی زۆركەس و لایەن زۆر دەمیان درێژدەكردو دژایەتیی شەڕڤانانی یەپەگەیان دەكرد، بەڵام ھاوكاریی و پرۆتۆكۆلە ڕەسمیەكانی یەپەگەو كۆشكی سپی كۆتایی بەو دەمدرێژانە ھێنا".



PM:05:19:11/05/2017