بژاردەکانی بەردەم نەوشیروان مستەفا؟

نەوشیروان مستەفا ئەو پیاوەی لەدوای ٢٠٠٩ەوە چەند جارێک گۆمی سیاسی لە کوردستان شڵەقاندووە، جارێکی تر لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان دەرفەتێکی تری لەبەردەمدا کراوەیە کە سەرلەنوی گۆمەکە بشڵەقێنێتەوە.

نەوشیروان مستەفا کە تەمەنی ٧٣ ساڵە و باری تەندروستی ئاسایی نییە، هەردوو فاکتەری، هەڵکشانی تەمەنی و نەخۆشیەکەی، لە دوو ساڵی رابردوودا کاریگەری کەم کردۆتەوە لەسەر رووداوەکانی کوردستان، رەنگە دیارترین رووداو کە لەم دووساڵەدا دروستیکردبێت، رێککەوتنی ١٧ی ئایاری ٢٠١٦ بێت، بەڵام وا ساڵێک بەسەر ئەو رێککەوتنەشدا تێدەپەڕێت، تەنها هەنگاوێکیش لێ نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 ماوەی نزیکەی دوو ساڵە هەرێمی کوردستان رووی لە قەیرانێکی هەمەلایەنەی سیاسی ، یاسایی ، ئابوری کردووە، تێکڕای بارودۆخەکە بەرەو پێشەوە ناچێت و وەستاوەو بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی خەڵكی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رۆژانی داهاتوو هەڵگری بارێکی خراپترو قورسترە، خەڵک بێ ئومێدبووە لەوەی لەودیوو تۆنێڵکەوە ترووسکایی هیچ مۆمێک ببینێت.

نەوشیروان مستەفا لە دۆخێکی وەهادا گەڕاوەتەوە کوردستان کە بارودۆخی وڵاتەکەی هیچ باشتر نییە لە بارودۆخی تەندروستی خۆی و هەڵکشانی تەمەنی، هاوکات حیزبەکەشی بە دەست تەکەتوولی کۆنە یەکێتییەکان لەناوخۆیان و، لەگەڵ تازەکانی ناو گۆڕان دەناڵێنێت، ئەمە جگە لە چاوچنۆکی و بێ پەرەنسیپی ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن پۆستەکانی گۆڕان لە نێو پەرلەمان و حکومەتدا، بەڵام سەرباری ئەمانە هێشتا نەوشیروان مستەفا چەند بژاردەیەکی لەبەردامدایە کە لەئەنجامدا هیچ چارەی نییە، دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی حیزبەکەی و بارودۆخی کوردستان و تەندروستی خۆی، یەکێکیان هەڵدەبژێڕێت و کاری لەسەر بکات:

- چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەگەر باری تەندروستی نەوشیروان مستەفا یاریدەدەری نەبێت و، ئارەزووی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانشی وەک جاران نەمابێت، ئەوا بژاردەی دروستکردنی سەرکردایەتییەک بۆ گۆڕان تاکە بژاردەی دەبێت، لەم حاڵەتەدا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان  ئیدارەی بزووتنەوەکە دەداتە دەست سەرکردایەتییەک و پاش ماوەیەکی کەم سەفەر دەکاتەوە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەو چەند ساڵەی کۆتایی تەمەنی لەوێ بەسەر دەبات، هیچ نەبێت لەم حاڵەتەدا تاڵەبانی تێدەپەڕێنیت کە تا باری تەندروستی باشبوو بیرێکی لە یەکێتی و ئیدارەدان و سەرکردایەتیکردنی دوای خۆی نەکردەوە.
 
- چاودێران پێیانوایە، بژاردەیەکی تەقلیدی تر لەبەردەم نەوشیروان مستەفادایە کە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٧ ئایاری ٢٠١٦ ی نێوان گۆڕان و یەکێتی بڕوات، بەڵام ئەمەش رسکی خۆی هەیەو، دەبێت هەمیشە نەوشیروان مستەفا دەست لەسەر دڵی دابنێت کە سەرکردەکانی یەکێتی پیلانی لە دژی نەگێڕن و ناوەرۆکی رێککەوتنەکە بەتاڵ نەکەنەوەو لە پێناو بەرژەوەندییە زۆر زەوەندەکانیاندا کە ژێر بەژێر لەگەڵ پارتیدا هەیانە.
چاودێران پێیانوایە ئەم بژاردەیە، بژاردەیەکی سیاسی تەقلیدیەو پرسێکی نوێ لە کۆمەڵگادا دروستناکات، چونکە یەکێتی بەم پێکهاتەی ئێستایەوە کە زیاتر لە چەند کۆمپانیایەک دەچێ لەبری حیزب، هیچی لێ سەوزنابێت، هاوکات گۆڕانیش ئەو فەنتازیەی جارانی نەماوە کە خەڵکی کوردستان پێیوابوو بە شەو و رۆژێک دونیای بۆ دەگۆڕێت.

- بژاردەیەکی تریش، نەوشیروان مستەفا، لە بێزاری و پڕی و لە بێ وەفایی ژمارەیەک لەسەرکردەکانی یەکێتی کە لەچەند رۆژی رابردوودا گرەویان لەسەر خراپبوونی باری تەندروستی دەکرد، بکەوێتە گەمەیەکی هاوشێوەی سالی ٢٠١٣ سەرەتای دروستبوونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم کە پاشئەوەی بێ ئومێد بوو لە یەکێتی، مانۆری لەگەڵ پارتی و بارزانی کرد.
چاودێران پێیانوایە زەحمەتە نەوشیروان مستەفا هەمان رێگا لەگەڵ پارتی دووبارە بکاتەوە کە ساڵی ٢٠١٣ پیایدا تێپەڕی و ئەوەتا ئەمڕۆش ئەنجامەکەی دەچنێتەوە، چونکە لەلایەکەوە سووڕانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا، لەلایەکی تریشەوە بۆ مێژووی سیاسی خۆی وەک کاراکتەرێکی دیاری کوردستان، دەبێتە خاڵێکی ئێجگار لاواز.
 
- بژاردەی چوارەمیش وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن، نەوشیروان مستەفا دەتوانێت هیزێکی نوێ دروستبکات لە گۆڕان و لە بنکە حیزبیەکەی یەکێتی کە ژمارەیەکی بەرچاو کەوادیری ئەو حیزبەش  دەگرێتەوە، ناوبراو دەتوانیت ئەم دوو پێکهاتە سیاسیە بکاتە ناوەرۆکی هاوپەیمانێتیەکی سیاسی مەدەنی بەرفراوانی نوێ لە کوردستاندا دژی قەڵەمڕەوی پارتی، ئەمەش هاوشێوەی سەرەتای درووستبوونی گۆڕانە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دروستی کردوو، خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ ئامادە کرد.

چاودێران پێیانوایە نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان یەکێک لەم چوار بژاردەیەی لەبەردەمدایە، رۆژانی داهاتووش ئەو کاراکتەرە سیاسیەی هەمیشە بە جووڵە سیاسییەکانی رووداوی دروستکردووە، خۆی یەکلایی دەکاتەوەو ئەو بژاردەیە دیاری دەکات کە رەنگە دوا گەمەی ژیانی سیاسی بێت. 



PM:10:38:14/05/2017