کارکردن و سەردانی مێردمنداڵ بۆ کافتریاکان قەدەغە دەکرێت

بە بڕیارێكی قایمقامیەتی سلێمانی كەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ ناتوانن لەكافتریاكان كار بكەن یان سەردانی بكەن.

لەمبارەیەوە گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی یاسا و رێنماییەکان کارکردنی کارمەندی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و سەردانی مێردمنداڵ لەو کافتریایانەی کە نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت رێگەپێدراو نیە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەشێک لە کافتریاکان پابەند نین بەو رێنماییانەوە و رێگە بەکارکردن و سەردانی مێردمنداڵ دەدەن  بۆ کافتریاکان.

گۆران قادر ڕاشیگەیاندووە، بەھۆی پابەند نەبوونی خاوەنی کافتریاکانەوە لەماوەی رابردوودا لە سلێمانی سزای دارایی چەندین کافتریایان داوە و بەشێکیان داخستووە و تەنانەت ھەندێکیان بەھۆی جۆری سەرپێچیەکانیانەوە رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

سەرۆکی لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتووشیەتی، لە نوێترین بڕیاریاندا لیژنەکان بەھۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردنەوە بە تایبەت کارکردن و بوونی مێردمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کافتریای "ماڵی ئەستێرەکان"یان لە شەقامی مەلیک مەحمود بۆ ماوەی ١٠ رۆژ داخستووە .

گۆران قادر ئەوەشی وتووە، ھەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت و ھەر کافتریایەک پابەند نەبێت بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردنەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.



PM:05:20:22/05/2017