نەوشیروان موستەفا چۆن خۆی لە تیرۆركردن پاراست؟

رێبین هەردی‌ نوسەرو رۆشنبیر یەكێك لە ئاكارەكانی نەوشیروان موستەفا باس دەكات و دەڵێت "لە سەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 2009 داواملێكرد پاسەوانەكانی زیادبكات، بەڵام بەجۆرێك وەڵامی دامەوە كە جارێكی تر ئەو قسەیە دووبارە نەكەمەوە".

رێبین هەردی‌، لە لاپەڕەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبوك گفتوگۆیەكی‌ نێوان خۆی‌ و نەوشیروان مستەفا دەگێڕێتەوە لەهەڵمەتی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ ساڵی‌ 2009 و دەڵێت "گەرمەی هەلبژاردنی 2009 بوو، هەڵمەتەكە تا دەهات توندتر دەبووەوە و فشار بۆ سەر گۆرانخوازان زیادی دەكرد، هەندێكجار تەقە و شەڕ رووی دەدا..برادەران لێیان داوا كردم، بەڵكو قەناعەتی پێ بكەم هەندێك لە حیمایەكانی زیاد بكات".

رێبین دەڵێت "ئێوارەیەك خۆم و خۆی بووین پێموت كاكە من خۆت دەزانی هیچ حەزم لە شتی فەرمی و بەرپرسی دەورەدراو بە حیمایە نییە..پێشم وایە یەكێك لە كارە باشەكانی تۆ ئەوەیە وا ناكەیت، بەس دۆخەكە خراپە و وەك ئەبینی فشارەكان زۆرن، پێموایە لەم هەلومەرجەدا هیچ عەیبێك نیە كەمێك حیمایەكان زیاد بكەیت و وریا تر بیت".

وەك ڕێبین باسی دەكات نەوشیروان مستەفا بە پێكەنینەوە پێی‌ وتووە "من خۆم بە بەرپرسی ئەو خەڵكە ئەزانم، ئەگەر خۆشیان بوێم دەمپارێزن، گەر شتێكم لێهات و نەیان پاراستم واتە من شایەنی ئەوە نیم بەرپرسیان بم لەبەرئەوە ئاساییە بكوژرێم".

ڕێبین باس لە وەڵامەكەی نەوشیروان موستەفا دەكات و دەڵێت "قسەكەی زۆر چاوەروان نەكراو بوو، بەڵام پڕ بوو لە دڵسۆزی..سەرسام بووم بە تەفسیرەكەی و هەستمكرد راست ئەكات، لەبەرئەوە هیچم نەووت و قەتیش ئەوەم لی دوبارە نەكردەوە، باشتر تێگەیشتم من لەگەڵ سیاسیەكدام كە بەراست مەعدەنێكی یەكجار جیاوازی هەیە".

هەینی‌ رابردوو نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 73ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، رۆژی شەممەش لەگردی‌ زەرگەتەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بە خاك سپێردرا.



PM:01:54:23/05/2017