"هەڕەشەی مل پەڕاندن لە بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی کرا"

بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی نامەیەک ئاڕاستەی بۆ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکا سەبارەت بە دەستگیرکردنی پەیامنێرێکی ئێن ئاڕ تی .

ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە نامەکەدا کە ماڵپەڕی فەرمی کەناڵەکە بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند "ماوەی سێ ڕۆژە ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و فەرمانەکانی حکومەتی هەرێم دەستگیرکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئێمە وەک بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی دەرچووە لەسەر ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر کەیسی ئەو هاوڵاتییەی شیر و دایبی دزیبوو و دواتر سزادرابوو، ئەمڕۆش (٢٤-٠٥-٢٠١٧) دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار جارێکی تر یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی پێشێلکردەوە و ماوەی دەستبەسەرکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی درێژکردەوە، داوای ئامادەکردنی ئێمەش دەکات لەبەردەم دادگا و دەستگیرکردنمان وەک مەرجی ئازادکردنی پەیامنێرەکە".

هەروەها وتیشی "من هەمیشە ئامادەم بچمە بەردەم دادگا و لەسەر چەندین کەیسی تر کە زۆربەشیان لە بەرژەوەندی ئێمە کۆتایی هاتووە چوومەتە بەردەم دادوەر. بەڕێوەبەر و کارمەندانی بنکەکانی پۆلیس لە سلێمانی شاهیدی ئەوەن کە لە بری ناردنی وەرەقەی بانگێشتکردنی دادگا و فەرمانی دەستگیرکردن بە تەلەفۆنێک لەبەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوەو دادوەر ئامادەبوون".
ئاوات عەلی کە هاوکات جێگری سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیایە وتیشی " ئەوەی کە لە ئێستا دا من ناتوانم بچم بۆ گەرمیان لەبەر ئەم هۆکارەیە، دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر هەمان کەیسی شیر و دایبییەکە بەتەلەفۆن لە لایەن بنەماڵەیەکی چەکداری گەرمیانەوە هەڕەشەی مل پەڕاندنم لێکرا لەسەر ئەوەی لە راپۆرتێکدا ناویان هاتبوو، ئایا گەر من بچمە گەرمیان کێ گیانم دەپارێزێت لەکاتێکدا ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێکردووم ئازادانە دەسوڕێنەوە و دەسەڵاتدار و چەکدارن لەو ناوچەیە، ئایا دادوەرەکە گەرەنتی پاراستنی گیانی من دەکات؟ ئایا کێ بەرپرسیار دەبێت گەر شتێک ڕوویدا؟".

ڕوونیشی کردووەتەوە "شکاتکاری کەیسەکە دادوەر ئەکرەم جەلیلە، کە دادگا و دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت گرفت و کێشە بۆ ئێن ئاڕ تی و کارمەندانی دروستبکات، چونکە چەندین کەناڵی تر کاری لەسەر کەیسی شیر و دایبییەکە کردبوو بەڵام لەبەرئەوەی ئێن ئاڕ تی تەنها کەناڵی بێ لایەنە بۆیە تەنها بە ئێن ئاڕ تی یەوە گرتویەتی و شکاتی لە کەسی تر نەکردووە"
بەڕێوەبەرەکەی ئێن ئاڕ تی وتیشی "داواکارین سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان لە ئاست ئەم پێشێلکارییە زەق و ئاشکرایانە بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی پەیامنێرەکەمان و ڕێگەگرتن لە بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە".



PM:02:36:24/05/2017