ئایا نەوشیروان موستەفا وەسیەتی هەیە؟

ئەندامێكی خانەوادەكەی ئاشكرای دەكات نەوشیروان موستەفا هیچ وەسیەتێكی نەنوسیوە و چارەسەریشی بۆ نەخۆشیەكەی وەرگرتووە.

ئاكۆ وەهبی‌ كە یەكێكە لە ئەندامانی‌ خانەوادەی‌ نەوشیروان مستەفا بە كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێنی‌‌ راگەیاندووە "بەناوی‌ هەموو خانەوادەكەمەوە دەڵێم، كاك نەوشیروان هیچ شتێكی‌ وەكو وەسیەت نەنوسیوە و هیچ شتێك لەبەردەستدا نییە تا ئەم دەقەیە كە باسكرابێت چ لەلایەن خانەوادەكەی‌، چ لەلایەن بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە".

ئاكۆ سەبارەت بە ناشتنەكەی دەڵێت "تەنها ئەوەی‌ هەیە ناشتنیەتی‌ لە گردی‌ زەرگەتە كە حەزێكی‌ خۆی‌ بووە و ماوەیەكی‌ زۆر لەمەوپێش باسیكردووە، نەك ئەوەی‌ لەكاتی‌ سەرەمەرگدا باسی‌ كردبێت، بەڵام هەندێ شتی‌ بەدەمی‌ وتووە بە دەوروبەرەكەی‌".

ئاكۆ وەهبی‌ كە هاوكات هاوڕێیەتی‌ نزیكی‌ نەوشیروان مستەفا بووە باس لەوە دەكات وەسیەتی‌ نەوشیروان مستەفا زیاتر بۆ كەسوكارەكەی‌ بوو كە لەناو یەكتردا تەبا بن، پشتی‌ یەكتر بگرن و دەڵێت "ئەمانە وەسیەتی‌ كاتی‌ سەرەمەرگی‌ نییە، بەڵكو لەماوەیەكی‌ دورودێژدا باسی كردووە، بەدرێژایی وەرگرتنی‌ چارەسەری‌ هەركەسێكی‌ بینیوە دەستی‌ خستووەتە ناو دەستی‌ پێی‌ وتووە ئەگەر من بشڕۆم ئێوە یەكگرتوو بن و پشتی‌ یەكتری‌ بگرن".

سەبارەت بە چارەسەری نەخۆشیەكەی ئاكۆ رەتیدەكاتەوە كە نەوشیروان مستەفا چارەسەری‌ پزیشكی‌ وەرنەگرتبێت وتیشی " ئەم ماوەیەی‌ چوو بۆ لەندەن بۆ وەرگرتنی‌ چارەسەر بوو، چارەسەری‌ باشیشی وەرگرتووە و یەكەم جار كە گەڕایەوە چارەسەرەكەی‌ سەركەوتوو بوو، هەموان دڵخۆش بوون بە پزیشك و نەخۆشخانەكە و خەڵكی‌ دەوروبەری‌".

سەبارەت بە شاردنەوەی نەخۆشیەكەی بەوتەی‌ ئاكۆ نەوشیروان مستەفا حەزی‌ بە باسكردنی‌ نەخۆشی‌ نەبووە و دەڵێت "هەر كەسێك دەچوو بۆ لای‌ پێی دەوت باسی‌ هەر شتێك دەكەیت باسی‌ نەخۆشی‌ مەكە، دەیوت یەكێك لەو دیاردە خراپانە ئەوەیە كەسێك بێت و باسی‌ هەموو نەخۆشی‌ و ئەو شتانە بكات كە بەسەریدا هاتووە، لەبەرئەوە كە باسی‌ نەخۆشی‌ و دەرمان دەكرا، دەیوت باسی‌ ئەوە مەكە من نەخۆش نیم".

سەبارەت بە باسی نەخۆشیەكەشی ئاكۆ دەڵێت پزیشك هەبووە بە خۆبەخش بێتە لای‌ و لەماڵەكەی‌ لەگەڵیدا بێت، "بەڵام كە چووم پێم وت وتی‌ من نەخۆش نیم تۆ نەخۆشی‌ بچۆ بۆ لای‌".

ئاكۆ هەروەها دەڵێت "كاك نەوشیروان لای‌ هەموو كەسێك وتویەتی‌ كە من پەیامی‌ خۆمم گەیاند، تەواو، لەمە زیاتر نییە، وەكو بەرپرسیارێتی‌ دینی‌ و ئەخلاقی‌ و نیشتیمانی‌ خۆم، هیچ شتێك لای‌ من نەماوە".

رۆژی 19ی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 73 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و لە مەراسیمێكدا بە بەشداری هەزاران كەس لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
 
 
 
 
 
 
 
 



PM:04:06:26/05/2017