شیعرێكی نەوشیروان مستەفا كە 57 ساڵ پێش ئێستا نوسیبوی بڵاودەكرێتەوە

نەوشیروان مستەفا  ساڵی 1960 شیعرێكی بەناوی (زەلزەلەی رق‌و قینی هەژاران) هۆنیوەتەوە كە لەو ساڵەدا لە گۆڤاری روناهی بڵاوکرایەوە.

دەقی شیعرەكە بخوێنەرەوە:

زەلزەلەی رق و قینی هەژاران‌‌
کۆشکی چینی زۆرداران‌‌
دێنێتە جوڵە و لەرزین و هەژان‌‌
خاپوری ئەکا رۆژێک لەڕۆژان

ئەو کۆشکە بەرزەی... چینی خوێنمژی‌‌
گرتوەتە باوەش... لەناویا ئەژی‌‌
لەسەر حسابی ماندووبوونی گەل‌‌
ئەلەرێتەوە، ئەهاوێژن پەل‌‌
تیا رائەبوێرن، ئەخۆن و ئەژین‌‌
بەگاڵتەوگەپ و سەما و پێکەنین‌‌
تکەی عارەقی چینی کارکەران‌‌
دڵۆپی هێزی بازووی رەنجدەران...‌‌
ئەکەن بە پارە و دینار و تمەن‌‌
ئەینێنە قاسە و کەڵەکەی ئەکەن

ئەو کۆشکەی کەوا... نەخش و نیگاری‌‌
بۆیەی پەنجەرە و دەرگا و دیواری‌‌
دڵۆپەی خوێنی گەشی رژاوی‌‌
دڵ و رومەت و مێشکی برژاوی‌‌
جەنگاوەرانی دەستەی هەژارە‌‌
کە زۆربەی گەلی برسی و زامدارە

ئەو کۆشکە بەرزەی کە پایەکانی‌‌
کەلـلە و جومجومە و لاشە و ئێسقانی‌‌
زۆربەی میلـلەتی چەوساوە و لاتە‌‌
(کە قاڵبووی بۆتەی هەوڵ و خەباتە)‌‌
یەکسەر ئەڕوخێ و هەرەس ئەهێنێ‌‌
خوێنمژان ئەمرن، ناویان نامێنێ‌‌
ئەوساکە میلـلەت بە ئارەزووی خۆی‌‌
لەسەر کەلاوەی ئەو دەورەی کە رۆی‌‌
کۆشکی رژێمێک دائەمەزرێنێ‌‌
هەتا هەتایە ناوی بمێنێ

دوور لە تاریکی و سزا و ئازاردان‌‌
رووناک بە تیشکی رۆژی هەوڵدان
بۆنخۆش بە بۆنی گوڵی یەکسانی
فێنک بە شنەی بای کامەرانی.



PM:02:01:29/05/2017