وێنەو ناسنامەی هێرشەبەرانی هێرشە خوێناویەكەی تاران ئاشكراكرا

دەزگا فەرمیەكانی ئێران وێنە و ناسنامەی هێرشبەرانی ڕووداوەكەی دوێنێی تارانیان ئاشكراكرد و لە پێنج كەس پێكهاتوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران (دەزگای هەواڵگری) لە میدیا فەرمییەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاوی كردووەتەوە هاتووە "پاش زانیاریی بەدەستهاتوو لەبارەی هێرشبەرانی دوێنێ چوارشەممە بۆ سەر پەرلەمان و گۆڕی ڕۆحوڵا خومەینی، دەركەوت پێنج كەس لە ئەندامانی تیرۆریستی بەپێشینەی داعش بەشدارییان لەو هێرشەدا كردووە".

ئاماژە بەوەش دراوە "ئەو پێنج كەسە سەر بە گرووپە وەهابی و هەڵگەڕاوەكان بوون كە پاش تێكەڵبوون بە گرووپی تیرۆریتسیی داعش، چوونەتە دەرەوەی ئێران و لە تاوانەكانی داعشدا لە سووریا و ڕەقە بەشدار بوون".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا تەنیا ئاماژە بە نازناوی هێرشبەرەكان كراوە و باس لەوە نەكراوە كە خەڵكی كوێ و سەر بە چ نەتەوەیەكن.
نازناوەكانیان بریتییە لە (سەریاس، ڕامین، فەرەیدون، قەیووم و ئەبوو جیهاد).

لە دوو هێرشدا كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن پێنج كەسەوە كرایە سەر پەرلەمانی ئێران و گۆڕی خومەینی لە تاران، 17 كەس كوژران و زیاتر لە 50 كەسیش بریندار بوون.





PM:02:51:08/06/2017