شێرکۆ کرمانج دکتۆرای له دیراساتی نێودهوڵهتی له زانکۆی ساوس
ئوسترالیا هەیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سپی میدیا باس لەوە دەکات نە تاڵەبانی نە نەوشیروان ئەو کەسایەتییە کاریزماییە نەبوون کە سەرنجی
خەڵک بۆ خۆیانو بۆ دیدو بۆچوونەکانیان لەڕێگەی گوتارو قسەکردن ڕابکێشن.
شێرکۆ کرمانج
ئێستا لە زانکۆیئوتارا لە مالیزیا لە سکوڵی
دیراساتی نێودەوڵەتی مامۆستایەو وانەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندەڵێتەوە سەبارەت
بەو ئاپۆرا جەماوەرییەی لە ڕۆژی مردنەکەی نەوشیروان مستەفادا بینرا، دەڵێت "من
پێموایە ئامادەبوونی ئەم هەموو خەڵکە هەم پەیامێکی ناڕازیو بێزاری بوو هەم ڕێزێک
بوو لە نەوشیروان وەک خەمخۆرێکی هەژارانو
ڕیفۆرمخوازو ئازادیخوازێک. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە کۆمەڵگەی کوردی
کۆمەڵگەیەکی عەشایرییەو بۆ پرسی تازیەو فاتیحە گەرموگوڕە. من هیوادارم ئەو
ئامادەبوونە لە ناشتنی نەوشیروان تەرجومەبکرێت بۆ کۆبوونەوە لە دەوری پەیامەکانی
نەوشیروان"
دەقی
چاوپێکەوتنەکە
سپی میدیا: لە
ڕووی سیاسییەوە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چ مانایەک دەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا چ ئیزافەیەکی خستبووە سەر واقیعی سیاسی لە کوردستاندا،
بەمردنیشی چی لەم واقیعە کەمدەکات؟
شێرکۆ کرمانج: نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی بزری دیاری
گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بوو. بزر، بەو مانایەی کە ئەو زۆر لە میدیاو مەیدانەکان
دەرنەدەکەوت. دیار، بەو مانایەی کە قسەو هەڵوێستە کەمەکانی ئەو کاریگەریی ئێجگار
زۆرو بەرچاویان هەبوو لە گۆڕەپانەکەدا. بۆیە ونبوونی یەکجارەکی ئەو مانای
لەدەستدانی ئەو سەرکردەیەیە کە هەم دەنگکردنەکانی هەم بێدەنگییەکانی جێپەنجەیان
لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی کوردستان دانابوو، ئەمەش بەو
مانایەیە کە چیدیکە دەنگو بێدەنگی نەوشیروان کاریگەریی دانانێن لەسەر پێشهاتو
ڕووداوەکان.
نەوشیروان
کەسێک بوو کە دنیایەک ئیزافاتی خستبووە سەر واقعی سیاسی کوردستان. ئەو کەسێک بوو
کە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ناوەڕاستی حەفتاکان نەک هەر ڕابەرایەتی دەکرد بەڵکو
ئاراستەکانیشی دەگۆڕین. بۆنمونە نەوشیروان کۆمەڵەی لە ڕێکخراوێکی
مارکسیی-لینینیی-ماوی کرد بە ڕێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕی ناسیونالیستی کوردی. ئەمەش
بەس لە گۆڕینی ناوی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەرناکەوێت، بەڵکو لە
خستنەپێشی خەباتی نەتەوایەتی لەبەرابەر خەباتی چینایەتی. لەڕاستیدا خەباتی
چینایەتی وەک لە بەرنامەی کۆمەڵە، پەسەندکراوی کۆنفرانسی دووەمی کۆمەڵە لە ١٩٨٢
دەردەکەوێت، دوادەخرێت بۆ دوای ڕزگارکردنی کوردستان. ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ
بەکۆمۆنیستنەکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو
دووبارە هاتبۆوە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیو چەکداری.
ئاشکرایە
کە نەوشیروان ڕۆڵی سەرەکی لە پلادانانو ڕابەرایەتیکردنی ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١
بینیبوو، بەڵام ئیزافەی گرنگی ئەو زاتە تەنیا لەوەدا نەبوو چونکە نەوشیروان
پێیوابوو کە بەبێ دامەزراندنی دامودەزگاکانی حکومەت وەک پەرلەمانو حکومەتو
دادگاو پۆلیس ناکرێت پارێزگاریی لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بکرێت. نەوشیروان یەکەم
کەس بوو کە داوای دامەزراندنی ئەو دامودەزگایانەی کرد. ئیزفەیەکی دیکەی نەوشیروان
هەوڵدانی ئەو بوو بۆ بەدامەزراوەییکردنی ئەو دامودەزگایانە. لێرە مەبەستی
نەوشیروان ئەوە بوو کە دامودەزگا دامەزراوەکان نوێنەرایەتی گەل بکەنو پرۆژەو
پلانیان بۆ گەلو نیشتیمان هەبێت نەک بۆ کەسو حزب، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای
هەوڵدانی زۆری ئەو هەر لەوکاتانەی کە کەسی دووەمی ناو یەکێتیی بوو لە نەوەتەکانی
سەدەی ڕابردوو، دواتریش لەناو گۆڕان لەم هەزارەیە، خەونەکانو هەوڵەکانی
بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی حکومەت هێشتان نەهاتۆتەدی. لەڕاستیدا نەک هەر
خەونی بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت نەهاتۆتە دی بەڵکو دامودەزگا
دامەزراوەکانیش یان ئیفلیجکراون، وەک پەرلەمان، یان شەرعیەتیان لەدەستداوە، وەک
سەرۆکایەتی هەرێمو حکومەت، یان کراون بە دامودەزگای حزبیو داماڵدراون لە سیمای
نەتەوەییو نیشتیمانیی، وەک هێزی پێشمەرگەو پۆلیس.
نەوشیروان
دوای ئەوەی وەک ڕیفۆرمخوازێک لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستو یەکدا دێتەوە گۆڕەپانی
سیاسی جارێکی دیکە کۆمەڵێک ئیزافاتی نوێخوازانەو داهێنەرانە دێنێتە ناو فەزای
سیاسی کوردستان کە دەکرێت تەنیا ئاماژەیان پێبکەین نەک وردیانبکەینەوە کە ئەمانە گرنگترینیانن:
یەکەم، خەباتی پەرلەمانیی، ئەویش لەڕێگەی هەوڵدان بە بەمەرجەعکردنی پەرەلەمان بۆ
گفتوگۆکردنو بڕیاردان لەسەر پرسە سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابورییەکان، بەواتایەکی
دیکە کردنی پەرلەمان بەپلاتفۆرمێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان. دووەم، ڕەتکردنەوەی
توندوتیژیی لەیەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان. نەوشیروان ئەمەی لەکاتێکدا کرد
کە ئەو وەک کۆنە-پێشمەرگەیەکو کۆنە-سەرکردەیەکی هێزە چەکدارەکان لە کوردستان
بەردەوام هەلی ئەوەی بۆ ڕەخسابوو کە بەسانایی بزوتنەوەی گۆڕان بکات بە هێزێکی چەکدار،
بەڵام ئەوەی ڕەتکردەوە کە جارێکی دیکە چەک بەکاربێنیت بۆ یەکلایکردنەوەی
ململانێکان. سێیەم، نەوشیروان زمانی بەبەر ئۆپۆزسیۆنە بێزمانەکەی پێش دروستبوونی
گۆڕان خستو گۆڕانیشی کرد بە سەرەکیترین هێزی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم. چوارەم، دروستکردنی
حزب لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیا، بەواتایەکی دیکە نەوشیروان هەوڵیدا کە مۆدێلی حیزبی
بەرنامەو دەنگدەر بخاتە نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێم. ئەمەش وایکرد کە گۆڕان بتوانێت
لەم پەڕی چەپ تا ئەو پەڕی ڕاست لەخۆبگرێت، هاوکات بتوانێت بەدینو بێدین لەخۆی کۆبکاتەوە.
پێنجەم، نەوشیروان هەوڵی زۆریدا کە کایەی سیاسیی لە کایەی ئابوریو بازرگانی، کە
فەزای سیاسی کوردی تەنیوە، جیابکاتەوە. شەشەم، دەکرێت شکاندنی تەوقی مۆنۆپۆلکردنی
سیاسەتکردن لەلایەن یەکێتییو پارتی لە هەرێم وەک ئیزافەیەکی دیکەی گرنگی
نەوشیروان هەژماربکرێت. ئەو لەمیانی ئەوەشدا ویستی بەخەڵکی کوردستان بڵێت کە ئەوە
تەنیا کۆنە-پێشمەرگەو کۆنە-شۆڕشگێڕو کوڕە-شەهیدو کوڕە-سەرکردەو کوڕە-بەرپرس نین کە
دەتوانن ببن بە سیاسەتمەدارو دەوڵەتدارو بەرپرس، بەڵکو نەوەی نوێ، خەڵکی ڕۆشنبیر،
کوڕی هەژاران دەتوانن نەک هەر ببن بە بەرپرسو سەرکردە بەڵکو بە سەرکردەی پاکو
دڵسۆز بۆ گەلو نیشتیمانەکەیان. حەوتەم، نەوشیروان دەیویست کە پرسی دامەزراندنی
دەوڵەتی کوردی بە پرۆسەی نیشتیمانسازی، واتە بنیاتنانی نیشتیمان، ـەوە ببەسترێتەوە.
بەواتایەکی دیکە ئیزافەی نەوشیروان لەم بوارەدا جیایی تێگەیشتنی ئەو بوو بۆ ئەم
پرسە، ئەو پێیوابوو دەوڵەت لەخوارەوە بۆ سەرەوە دادەمەزرێت نەک وەک ئەوانی دی لە
سەرەوە بۆ خوارەوە.
کاریگەریی
غیابی ئەو لە گۆڕەپانەکە دەوەستێتە سەر ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان، چ وەک
سەرکردایەتی چ وەک جەماوەرکەی، چەندە پابەندن بە پەیامو بیرۆکەکانی نەوشیروان. هاوکات،
دەوەستێتە سەر ئەوەی کە چەندە یەکگرتوانە درێژە بە هەوڵەکانی ئەو دەدەن، ئەگەرنا
هەوڵو تەقەلاکانی نەوشیروان کە زۆربەی هەرە زۆری تائێستاش لە حاڵەتی دەڵەمەییدان
پوچەڵدەبنەوەو ئیزفاتەکان دەبنە بڵقی سەر ئاو.
سپی میدیا: پەیوەندیەکی توندوتۆڵ هەبوو لەنێوان گوتارەکانی نەوشیروان
مستەفاو گروپە ناڕازییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەڕای بەڕێزت دوای کۆچی دوایی
نەوشیروان مستەفا ئەم گروپانە بێدەنگ و خەفە دەبن، یان بەرە توندڕەوی دەڕۆن؟
شێرکۆ
کرمانج: خۆی نەوشیروان بەشێک بوو لە دەنگە ناڕازییەکان، بەبێ دەنگە ناڕازییەکان
پێموانییە نەوشیروان بیتوانیبا ئەو کاریگەرییە زۆرەی هەبا لەسەر ئاراستە
سیاسییەکان لە هەرێم. هاوکات بەبێ نەوشیروان دەنگە ناڕازییەکان ئاوا بەزەقی
نەدەبیستران. واتە هەردووکیان تەواوکەری یەکدی بوون. ئێستا نەوشیروان نەماوە بەڵام
دەنگە ناڕازییەکان هەر ماون. بەڕای من دەنگە ناڕازییەکان بەگشتی لە هەرێم دەتوانن
لە دوو ئاستداخۆیان نمایشبکەنو ڕۆڵ بنوێنن، یەکێکیان کۆمەڵگەی مەدەنییە ئەوەی دیکەش
گۆڕەپانە سیاسییە حیزبییەکەیە. دەسەڵات لە هەرێم دەرگاکانی بەڕووی هەردووکیاندا
تاڕادەیەکی زۆر داخستوە. کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەک بە حیزبیکراوە بۆیە دەنگە
ناڕازییە ناحزبییەکان هەم لەبەرئەوەی پشتیوانیان کەمە هەم لەبەرئەوەی فەزاکانیان
لەبەردەمدا زۆر تەسکراوەتەوە بۆیە بەشێکیان بەرەو پوکانەوە دەچن، وەک ڕۆژنامەکان.
داخستنی پەرلەمان نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت ڕێگە لەو دەنگە ناڕازییانەش
بگرێت کە لەڕێگەی کەناڵە سیاسییە فەرمییە شەرعییەکانەوە دەنگ هەڵبڕنو بەشداری
سیاسی بکەن. مەبەستی من لەو قسانە ئەوەیە کە دەسەڵات، پارتیو یەکێتیی، سیاسەتی
خەفەکردنو بێدەنگکردنیان لەبەرابەر دەنگە ناڕازییەکان گرتۆتەبەر. کاتێکیش دەنگە
ناڕازییەکان لە کەناڵە تەندروستو فەرمییەکان ڕێگەیان لێبگیردرێت ئەگەری زۆری
هەیە کە هەندێکیان بێدەنگی هەڵبژێرنو هەندێکیشیان پەیڕەو لە توندوتیژی بکەن.
کاتێک کە سەرکردەیەکی وەک نەوشیروان، کە هەم ڕۆڵی هەبوو لە گەیاندنی دەنگە
ناڕازییەکانو هەم ڕۆڵی هەبوو لە هێورکردنەوەی دەنگە توندەکان، لە گۆڕەپانەکە
بوونی نامێنێت ئەگەرەکانی هەردوو ئەگەر زۆر زیاترە.
کێشەکە
لەوەدایە کە پارتیو یەکێتیی بەردەوامبن لەو سیاسەتەو نەمانی نەوشیروان لە
گۆڕەپانەکە بقۆزنەوە بۆ زیاتر فشارخستنە سەر دەنگە ناڕازییەکان. ئەوە ڕووبدات،
هەرێم لە چاوەڕوانی ماڵوێرانی گەورەتردایە. توێژینەوەکان بەگشتی ئەوەمان پێدەڵێن
کە چەند بڵاوکردنەوەی بیری توندوتیژی کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان
هێندەش سەرکوتو چەوسانەوەی دەنگە ئازادو ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگە کاریگەریی هەیە
لەسەر تەشەنەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانو بیری ڕادیکالیزمی سیاسی، لەنێویاندا
ڕادیکالیزمی ئیسلامیی.
بۆیە
من هیوادارم کە یەکێتییو پارتی، بەتایبەتی پارتی، ئەگەر بۆ بەرژەوەندی میللەتەکەش
نییە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەو تێگەیشتنە سەقەتەی خۆیاندا بچنەوە چونکە ڕووکردنی
گەنجانی وڵات لە توندوتیژی هێندەی دەسەڵات لێی بەرپرسە هیچ کەسو لایەنی دیکە لێی
بەرپرس نییە. بەواتایەکی دیکە ئەوە دەسەڵاتە کە وا دەکات دوای نەوشیروان دەنگە
ناڕازییەکان بەرەو چ ئاقارێک و چ ئاراستەیەک هەنگاوبنێن. فەزای سیاسی بەرفراوانبێت
دەنگە ناڕازییەکان لەناو پڕۆسەی سیاسی هەرێمدا دەبنە بکەری سیاسی، دەرگاکانیش بەڕووی
دەنگە ناڕازییەکان دابخرێن ئەگەری زۆرە کە هەوڵی تێکدانی پڕۆسە سیاسیەکەی هەرێم
بدرێت لەدەرەوەی پڕۆسەکە، ئەمەش ماڵوێرانی بەدواوەیەو هەرێم لە کۆمەڵێک دەرگیرییو نەهامەتیو کارەساتی دیکە
دەئاڵێنێت کە زۆر گەورەترن لەوانەی ئێستاکە بەدەستیانەوە دەناڵێت.
سپی میدیا: ئایا دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانیو کۆچی دوایی نەوشیروان
مستەفا، دەتوانین بڵێن پەردە لەسەر کاریزما سیاسیەکانی ئێمە دادەدرێتەوە، دەتوانین
بڵێین کۆتایی قۆناغی کەسایەتییە کاریزمییەکانە لە باشوری کوردستان؟
شێرکۆ
کرمانج: ئەوەی ڕاستیی بێت من هاوڕانیم لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە لە کوردستان
کەسی کاریزمایی بەهێز هەن. کەسی کاریزمایی لە هەرێم زۆر کەمن. یەکێک لە خسڵەتە
هەرە سەرەکییەکانی ئینسانی کاریزمایی تواناکانی قسەکردنو شێوەی گەیاندنی
پەیامەکانییەتی لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانی پەیوەندیکردنەوە. من پێموایە نە
تاڵەبانی نە نەوشیروان ئەو کەسایەتییە کاریزماییە نەبوون کە سەرنجی خەڵک بۆ خۆیانو
بۆ دیدو بۆچوونەکانیان لەڕێگەی گوتارو قسەکردن ڕابکێشن. ئەوە بەو مانایە نییە کە
ئەو دوو کەسایەتییە یان کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم هیچ کاریزمایان نەبووە بەڵکو
مەبەستی من ئەوەیە کە تەنانەت ئەم دوو کەسایەتیەش کە کاریزمایان لە کەسەکانی دیکە
زیاترە زیاتر کەسانێکن کە کاریزمایان بۆ دروستکراوە نەک خۆیان ئەو کاریزمایەیان
لەخۆنیشاندابێت. نەوشیروانو تاڵەبانی هەردووکیان کۆمەڵێک خسڵەتی کاریزماییان
تێدابووەو لەخۆنیشانداوە، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکرێن بەو سەرکردەو ڕابەرانەی
کە لە پەنجا ساڵی ڕابردودا لە گۆڕەپانەکە بوون.
ڕابەر
و سەرکردە دروستدەکرێن یان لەدایکدەبن، ئەم دوو تێزە لە هەموو کایە ئەکادیمییەکان
گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوەو دەکرێت. من پێموایە نە تاڵەبانی نە نەوشیروان لەو
کەسانە نەبوون کە ڕابەرو سەرکردەی جێگرەوەی خۆیان دروستکردبێت، ئەمە بۆ سەرکردەکانی
دیکەش ڕاستە. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕابەرو سەرکردەی دیکە لە دایکنابن یان
دروستنابن. لەوانەیە پەردەکە بۆ ماوەیەک دابخریت بەڵام من دڵنیام لە هەرێم لە
ماوەیەکی کورتدا سەرکردەی دیکە دێنە گۆڕەپانی سیاسی ئەگەر ڕێگەیان پێبدرێتو
لەناو نەبردرێن ڕۆڵیشیان دەبێتو کاریزماشیان لەوانەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەن،
تەنانەت لەوانەش کە پێش ئەوان لە گۆڕەپانەکە بوون، زیاترو کاریگەرتر بێت. بۆ
دروستبوونی کەسی کاریزمایی پێش هەموو شتێک کرانەوەی دەرگاکانە لە پێش نەوەی نوێ
لەگەڵ فەراهەمکردنی ئازادیو هەلی یەکسان بۆ ئەو کەسانەی کە ئێستا لە
گۆڕەپانەکەدان یان ئەوانەی دەیانەوێت بێنە ناو گۆڕەپانەکە.
سپی میدیا: ڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی لە ڕۆژی ناشتنی
نەوشیروان مستەفا بەشداریان کرد، هەندێک پێیوابوو ئیستفتایەک بوو بۆ خەڵکی ناڕازی بەرامبەر
دەسەڵاتی کوردی، هەندێکی دیکە پێیانوابوو شیوەنکردن بوو بۆ مردنی باوک، بەڕێزت چۆن
لەم پرسە دەڕوانیت؟
شێرکۆ
کرمانج: من پێموایە ئامادەبوونی ئەم هەموو خەڵکە هەم پەیامێکی ناڕازیو بێزاری بوو
هەم ڕێزێک بوو لە نەوشیروان وەک خەمخۆرێکی
هەژارانو ڕیفۆرمخوازو ئازادیخوازێک. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە کۆمەڵگەی
کوردی کۆمەڵگەیەکی عەشایرییەو بۆ پرسی تازیەو فاتیحە گەرموگوڕە. من هیوادارم ئەو
ئامادەبوونە لە ناشتنی نەوشیروان تەرجومەبکرێت بۆ کۆبوونەوە لە دەوری پەیامەکانی
نەوشیروان، بەتایبەتی ئەو پەیامانەی کە جەختیان لە خەباتی ئاشتیانەو پەرلەمانیانە
دەکردو ئەوانەش کە پێداگریان لەسەر دابەشکردنی عادیلانەی سامانی گەلو نیشتیمان
دەکرد لەگەڵ ئەوانەش کە داوای بەنیشتیمانییکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی دەکرد
لەپێش هەموویان هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایشو پۆلیس. ئەگەر ئەم بەگەرمی ئامادەبوونە
لە ناشتنو تازییەکەی نەوشیروان مستەفا لە ئەرزی واقیع نەکرێت بە گردبوونەوە لە
دەوری پەیامەکانی نەوشیروان ئەمە نەک هەر نمایشێکی بێ مانایە بەڵکو نیشانەی ئەوەیە
کە میللەتی کورد خەم زیاتر لە مردو دەخوات لەوەی پەرۆشی پەیامو دیدو تێگەیشتنە
زیندوەکانی مردویەک بێت.
من
نازانم داخۆ خەڵکە ئامادەبووەکە وەک باوک تەماشای نەوشیروانیان کردوە یان نا بەڵام
پێموایە بەباوککردنی نەوشیروان لەلایەن گوڕانخوازان، چاکتر بڵێم میدیای گۆڕان، تەواو
ناتەبایە لەگەڵ تێگەیشتنەکانی نەوشیروان. بەباوککردنی کەسایەتییەکان هەڵقوڵاوی
دیدێکی پیاوسالاری خێڵەیەکییە بۆ سەرکردەو بۆ پیاو کە هێزە کۆنەپارێزو خێڵەکییەکان
بەرزڕایدەگرن، نەک نەوشیروان کە لە خەمی تێپەڕاندنی ئەو جۆرە نزیکبوونەوە
کۆنەپارێزیانەدا بوو.
سپی میدیا: پرسیارێکی سوک و ئاسان، نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەیەکی
بەرفراوانی ناڕازی بەناوی گۆڕانەوە دروستکرد، دوای مردنی ئەو بزوتنەوەکە لەبەردەم
چەندان ڕێگای جیاوازدایە، ئەم بزوتنەوەیە دوای کۆچی دوایی ڕێکخەرەکەی ڕوو لەکوێ
دەکات و بەرەو کوێ دەچێت؟
شێرکۆ
کرمانج: ئەوە ڕاست نییە بڵێیت کە نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی ناڕازی
بەناوی گۆڕانەوە دروستکرد بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە نەوشیروان بزوتنەوە
ناڕازییەکەی هەرێمی کوردستانی ڕێکخست لە گۆڕاندا. ئەو بزوتنەوەکەی لە دەوری گۆڕاندا
کۆکردەوەو فۆرمێکی دیکەی پێدا کە بتوانێت باشتر وەگەڕبخرێتو چاکتر لە
گۆڕەپانەکەدا یاریبکات. ئێستا دوای مردنی نەوشیروان بزوتنەوە جەماوەرییە
ناڕازییەکە ئێستاش ڕێکخراوێکیان هەیە کە بتوانێت ڕابەرایەتیان بکات، کە گۆڕانە.
بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە داخۆ سەرانی گۆڕان بەبێ نەوشیروان دەتوانن ڕابەرایەتی
ڕێکخراوەکەو بزوتنەوە جەماوەرییەکە بکەن. وەڵامی ئەم پرسیارە سوکو ئاسان نییە وەک
باسیدەکەیت بگرە پرسیارێکی زۆر قورسە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە: یەکەم،
سەرکردەیەکی دیکە نییە لەناو گۆڕان کە وەک نەوشیروان توانای گردکردنەوەی دەنگو
ڕەنگە جیاوازەکانی ناو گۆڕانو بزوتنەوە جەماوەرییەکەی هەبێت. ئەمە بەو مانایە
نییە کە ئەو سەرکردە دروستنابێت بەڵکو بەو مانایەیە کە ئێستا بوونی نییە یان
هێشتان دەرنەکەوتوە. دووەم، گۆڕان ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجییە، ئەمەش مانای ئەوەیە
کە خەڵکانی سەر بە بیرو بۆچوونی جیاجیا لە دەوری ئەو ڕێکخراوە کۆبوونەتەوە کە لە
غیابی نەوشیروان لەوانەیە زەحمەتبێت دانویان پێکەوە بکوڵێت. ئەمە موستەحیل نییە،
چونکە گۆڕانخوازەکانی ناو گۆڕان دەتوانن لەسەر کۆمەڵێک بەهاو پەیامو دیدو جیهانبینی
نەوشیروان وەک سەرکردەو گۆڕان وەک ڕێکخراو کۆببنەوە، لەوانە: عەدالەتی کۆمەڵایەتی،
ئازادی، یەکسانیو هەلی هاوتا، شەفافییەت، چاکسازی، پێکەوژیان، قەبوڵکردنی ئەوی
دی، سیستەمی پەرلەمانی، مێریتۆکراسی (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) بەهاگەلێکن کە
دەکرێت زۆربەی گۆڕانخوازەکان لە دەوری کۆوەبن، بەکۆنو نوێکان، بەچەپو ڕاستەکان،
بەلیبرالو موحافیزکارەکان، بەدینو بێدینەکان. خۆ ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوە وەک
زۆربەمان دەزانین، لەناو گۆڕان، جیاوازی فکریو جیاوازی لەشێوازی کارکردن، هەم
لەنێوان نەوە کۆنەکەی گۆڕانو نەوە نوێکەی گۆڕان، هەیە، هەم لەنێوان چەپڕەو
ڕاستڕەوەکانی گۆڕان هەیە، هەم لەنێوان توندڕەو و میانڕەوەکانی گۆڕان هەیە... هتد.
ئەمانە کۆمەڵێک جیاوازین کە بوونیان لەنێو ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجی ئاساییە بەڵام
ئیدارەدانی ئەو جیاوازییانە کارێکی ئاسان نییە. چۆن ئەو جیاوازییانە ئیدارەدەدرێنو
کێ ئیدارەیان دەدا ئاراستەکانی گۆڕان لە دواڕۆژ دیاریدەکات.
گۆڕان
دوای نەوشیروان دەکرێت شکست بێنێت لە کۆوەبوون لە دەوری بیرو دیدو پەیامو
بەهاکانی نەوشیروان، هاوکات دەکرێت شکست بێنێت لە ئیدارەدانی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو
ڕێکخراوەکە، تەنانەت دەرەوەی ڕێکخراوەکەش چونکە گۆڕان تەنیا دەنگی ئەندامەکانی
ڕێکخراوەکە نییە، خەڵکێکی زۆر ڕێکخراویش نەکراوە بەڵام خۆی بە گۆڕانخواز دادەنێت
یان دەنگدەری گۆڕانە.
بەڕای
من شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دوو بابەتە ئاراستەکانی گۆڕان دەستنیشادەکات. ئەو
هۆیهایانەی لەهەندێک لە سەرکردە بەشدارەکانی ناشتنی نەوشیروان کرا نیشانەی ئەوەیە
کە هەندێک کەس هەن لەناو گۆڕان لە پەیامو بەهاکانی نەوشیروان نەگەیشتون بۆیە بۆ
ئەوەی ئیشکالییەت لەسەر ئەمە دروستنەبێت واچاکە گۆڕان کار لەسەر نیشاندانو
بەرزڕاگرتنی بەهاو پەیامەکانی نەوشیروان بکات. هاوکات گۆڕانخوازەکان، لەسەر هەر
نەوەیەک هەژماربکرێن یان سەر بە هەر ڕەوتێکی ناو گۆڕان بن دەبێت میکانیزمی
لێکتێگەیشتنو بڕیاردان لەناو ڕێکخراوەکە دیاریبکەن.
میکانیزمی
بڕیاردانی دەستەجەمعی، بەمەرجێک جەمعەکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو
بزوتنەوەکە بکات، زۆر گرنگە. گرنگی ئەم خاڵە لە غیابی سەرکردەیەکی دیار کە ئێستا
بە ڕێکخراوەکە دیارە هێندەی دیکە بایەخدار دەبێت. دوای دەرکەوتنی ڕابەرێک بڕیاری
دەستەجەمعی هەر گرنگە بەڵام ڕابەرەکە ئەوکات دەتوانێت بەڕاوێژ لەگەڵ ئەو گروپە
سەرکردەیە بڕیاربدات. تا ئەو ڕادەیەی من ئاگاداربم ناوەندێک هەیە لە هەیکەلیەی
گۆڕان کە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی گۆڕان ئاماژەیپێکراوە ئەویش "خانەی جێبەجێکار"ـە
کە وابزانم دەبوو لە حەوت کەس پێکبێت، کە تا ئێستا پێکنەهاتوە. ئەمڕۆ پێکهێنانی خانەی
جێبەجێکار کە لە حەوت ئەندام زیاتر نەبێت نەک هەر زۆر گرنگە بەڵکو زەرورەتێکی
حەتمییە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بۆئەوەی توانای بڕیاردانی خێراو بەدەنگەوە هاتنی خێرای
گۆڕانکارییەکانی هەبێت. ئەندامانی خانەی
جێبەجێکار واچاکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو گۆڕان بکات بۆئەوەی هەموویان
هەست بکەن کە بەشدارن لە پڕۆسەی بڕیاردانو ئاراستەکردنی گۆڕان.
گۆڕانخوازان
بەو شێوەیەی کە ئێستا لە میدیاکان قسەدەکەن کارەساتئامێزە. گۆڕان کۆمەڵێک نوسەرو
ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسی هەیە کە بەردەوام لە سایتەکان بابەت بەپێی تێگەیشتنی خۆیان
دەنوسن. من خۆم نازانم ئەو تێگەیشتنو ڕایانە ڕاو تێگەیشتنی گۆڕانن یان نوسەرەکە،
ئەمەش گەڕەلاوژەیەکی زۆری دروستکردوە. ڕۆشنبیرێک یان نوسەرێک کاتێک دەبێت بە
کەسێکی حزبی باش نییە کە ڕای خۆی لەسەر سایتەکان بنوسێت، بەشێوەیەکی دەگمەن نەبێت،
چونکە زۆر کەس ئەو ڕایە بە ڕای حیزبەکە، لەم کەیسە گۆڕان، دەبینێت. بەردەوامی ئەم
شێوازی کارکردنەی ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسو نوسەرەکانی ناو گۆڕان بەباش نازانمو
لەوانەیە پەرتەوازەیی دروستبکات.
بەکورتی،
سێ تەحدای سەرەکی ئەمڕۆ لەپێش گۆڕاندان، یەکەم، تێنەگەیشتن لە پەیامو بەهاو
جیهانبینییەکانی نەوشیروان. دووەم، بوونی ڕەوتی جیاجیا لەناو ڕێکخراوەکە. سێیەم،
نوسینی ڕاوبۆچوونی جیاجیا لەلایەن نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسەکانی ناو گۆڕان، کە
ڕون نییە ئەمانە تێگەیشتنی گۆڕانن یان تێگەیشتنی کەسەکان. گۆڕان بتوانیت
مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەم سێ تەحەدایە بکات دەتوانێت لە قۆناغی دوای
نەوشیروان وەک جاران کاریگەریی هەبێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، خۆ ئەگەر
نەتوانێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەم سێ تەحەدایانە بکات ئەوە کێشی گۆڕان لە
هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان زۆر کەمدەبێتەوە. واتە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەو
ئیدارەدانی ئەم تەحەداو جیاوازیانە ئاراستەکانی دواڕۆژی گۆڕان دیاریدەکەن.