به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ژنان له گه‌رمیان ڕایگەیاند
ژنێك له ناحیه‌ی رزگاری خۆی سووتاندووه و ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێَرجنسی
سلێمانی له ژێر چاودێرییه، به‌ڵام به فه‌رمانی دادوه‌ر مێرده‌كه‌ی ده‌ستگیركراوه.
عه‌قید له‌میعه محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی
توندوتیژی دژی ژنان له گه‌رمیان به ماڵپەڕی وێستگەی وتووە، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ
له ناحیه‌ی رزگاری ژنێكی ته‌مه‌ن 47 ساڵ به‌ناوی (ف.خ.ا) كه پێنج منداڵی هه‌یه
خۆی سوتاندووه و به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 36 سووتاوه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی
ئیمێَرجنسی سلێمانی كراوه.
عه‌قید له‌میعه محه‌مه‌د
ڕاشیگەیاندووە "ئه‌و ژنه دوای رووداوه‌كه وتویه‌تی ته‌باخی پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه
و تائێستاش سكاڵای له دژی كه‌س نه‌بووه، به‌ڵام راستی رووداوه‌كه ئه‌وه‌یه
خۆی، خۆی سووتاندووه".
ڕوونیشی کردووەتەوە:
"له كاتی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له شوێنی رووداوه‌كه و له‌لایه‌ن هۆبه‌ی
رزگاری توندوتیژی ژنان كه له كه‌سه نزیكه‌كانی ژنه‌كه‌وه ده‌ستیان كه‌وتووه،
خۆسووتاندنی ئه‌و ژنه بۆ ده‌مه‌قاڵێیه‌كی بچووك ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو
"مێرده‌كه‌ی به‌پێی مادده‌ی 408 له یاسای سزادانی عیراقی ده‌ستگیركراوه".