وتەبێژی پۆلیس: ئەو تاوانانەی لەسلێمانی ئەنجام دەدرێت زۆربەی لەدەرەوەی شارەوە دێن

لە مانگی حوزێران چەندین حاڵەتی كوشتن‌و خۆكوژی‌و سەربڕین لەسلێمانی روویداوە‌و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت زۆرێك لە رووداوانە پەیوەندی بەكێشەی كۆمەڵایەتییەوە هەیە‌و لەدەرەوە شارەوە هاتوونەتە ناو سلێمانی.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ سپی رایگەیاند: ئەو ژن ‌و پیاوەی دوێی لە گەڕەكی بەختیاری سەربڕدراون، خەڵكی هەولێر بوون‌و لە بەركێشەی كۆمەڵایەتی ماوەیەك لە رانیە بوون‌و دواتر هاتوونەتە سلێمانی توشی ئەو رووداوە بوون.
وتیشی: زۆربەی ئەو كێشانە‌و هاوشێوەی كێشەی ئەم ژن‌و مێردەن، لە دەرەوەی سلێمانیەوە هاتوون‌و پاڵنەری كێشەكەش كۆمەڵایەتییە.

هەروەها سەبارەت بە دەرنەكەوتنی عەمید نەوزاد عەلی‌ کەریم بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەمیدیاكانەوە بۆ دڵنیاكردنەوەی خەڵك، نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتی: بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی سلێمانی ئەو كارەی سپاردوە بە ئێمە‌و وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات كە ئێمە ئەو كارە ئەنجام بدەین پێویست ناكات خۆی لێدوان بۆ میدیاكان بدات.

لەماوەی مانگی حوزێراندا زیاتر لە سێ رووداوی خۆكوشتن‌و سەربڕین لەسلێمانی تۆمار كراوە‌و ئەم رووداوانەش دەنگدانەوەی گەورەیان لەمیدیاكانی سلێمانی بەتایبەتیی‌و كوردستان بە گشتیی هەبووە.



PM:12:48:24/06/2017