سیروان کوێخا نەجم: هەر بەرپرسێکی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی بەیانی لەگەڵ بارزانی بکات، نوێنەرایەتی یەکێتی ناکات

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سیروان کوێخا نەجم رایگەیاند" هەر بەرپرسێکی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی سبەی لیژنەی ریفراندۆم لەگەڵ بارزانی بکات، ئەوا نوێنەرایەتی خۆی دەکات".

سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ سپی، رایگەیاند" هەر بەرپرسێک لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری بکات، ئەوا نوێنەرایەتی خۆی دەکات و راکانی گوزارشتە لەهەڵوێستی خۆی و یەکێتی پێوەی پابەند نابێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی جەختی لەسەر هەڵوێستی سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە کە لەدواکۆبوونەوەی حزبەکەیدا بڕیاری لەسەر دراوەو دەڵێت "لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیار درا بەبێ مەرچ پەرلەمان کارابکرێتەوە و ڕیفراندۆمیش بەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە ڕێکبخرێت، هەر هەڵوێستێک لەدەرەوەی ئەمە گوزارشت لە هەڵوێستی یەکێتی ناکات و پابەندیش نابین پێوەی".

کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کە لەدەرەوەی وڵاتە بڕیاری داوە هەریەک لە عەدنان موفتی و د. نەجمەدین کەریم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی سبەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بکەن کە سبەی بە سەرپەرشتی بارزانی لە پیرمام سازدەکرێت.

تا ئێستا هەریەک لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی سبەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم ناکەن و بەپێی ئەم لێدوانەی سیروان کوێخا نەجم، یەکێتیش دەچێتە ریزی ئەو لایەنانەوە کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێ ناکەن.



PM:08:34:07/07/2017