هەرێم و ئێران چەند بڕیاری گرنگ دەردەكەن
پەیوەندی بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە

هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی هاتوچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و هاوردەكردن و هەناردەی كەلوپەل 13 بڕیار لەسەر دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ دەدەن. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە لەكۆبونەوەی دوێنێی نێوان لایەنی حكومی مەرزی باشماخ دیوی ئێران و هەرێمی كوردستان، 13 پێشنیاز و ڕێنمایی گرنگ دەركران لەپێناو فراوانكردن و گەشەكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان.

لە ناوەرۆكی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەردولا هەوڵدەدەن ئەو خاڵانەی لەكۆبونەوەكانی ڕابردودا بڕیاریان لەبارەوە دراوە جێبەجێبكرێت، كرێی بار هاوشێوەی مەرزەكانی دیكە كەمبكرێتەوە، هەروەها كێشەی عەلوە و بارهەڵگرەكان بەگوێرەی فەرمانی پارێزگاری سلێمانی كە لیژنەیەكی پێكهێناوە لەگەڵ كێشەی ئۆتۆمبێلی تایبەت كە خاوەنەكەی بەمەبەستی گەشتیاری بچێتە خاكی ئێران، لەگەڵ كێشەی بارهەڵگری كۆنتێنەر و تانكەر چارەسەربكرێت".

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاردراوە هێنانی مریشك بەبەڕاد و نەهێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی، هێنانی گاز بۆ شۆفێرە بارهەڵگرە عێراقیەكان و دانانی گازەكە لەبەنزینخانەی دەروازە و دابەشكردنی بەنرخێكی گونجاو ڕێكبخرێتەوە.

كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی 23ی تەمموز كە دەكاتە ڕۆژی یەكشەمە كاتژمێر (5:30)خولەكی بەیانی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری عێراقی دەكرێنە ئەوبەر بۆ دیوی ئێران.

ئەوەش دووپاتكراوەتەوەكە "پێویستە ئۆكتانی بەنزین بەگوێرەی ڕێنمایی و مواسەفات و خشتەی سامانە سروشتیەكان بدرێتە كۆمپانیا ئێرانیەكان و هاتن و ڕۆشتنی بار تا كاتژمێر 12ی شەو دەبێت".

هەردوولاش بەپێوستیان زانیوە بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان كۆببنەوە و بڕیاری هاوبەش بدەن، هەوڵیش بدرێت لەئایندەیەكی نزیكدا نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەكان كەمبكرێتەوە.



AM:09:36:19/07/2017