زێباری: یەک وڵات دژی ڕیفراندۆمە

هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ڕایگەیاند تەنها ئێران دژی ڕیفراندۆمە.

هۆشیار زێباری لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ڕووداو ڕایگەیاند سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراودا و هیچ دواخستنێک نییە. دەشڵێت جیا لە ئێران هیچ وڵاتێک راستەوخۆ دژی مەبدەئی ڕیفراندۆم نییە

هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاری پێکهێنانی چەند کۆمیتەیەک درا. یەکێک لەو کۆمیتانە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و دراوسێ. بەدڵنیاییەوە کۆمیتەکە سەردانی هەر 5 وڵاتە بنەڕەتییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەگرتووەکان، وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ئێران، لە هەمووشیان گەورەتر بەغدا دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە شاندێکی هاوبەش سەردانی بەغدا بکات".

وتوشییەتی "ئامانجی سەردانی ئەو کۆمیتەیە بۆ ئەو وڵاتانە خستنەڕووی پەیامی کوردستانە بۆ پرسی گشتپرسی و هۆکاری ئەنجامدانی گشتپرسی و خستنەڕووی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانە لەوبارەیەوە. ئەمەش بەشێک دەبێت لەو پلانەی بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە قۆناخی داهاتوودا داڕێژراوە، چونکە کات چارەنووسی زۆر شت دیاری دەکات. بەپێی ئەو بەرنامە زەمەنییەشی دانراوە پێویستە لەماوەی داهاتوودا ئەو کۆمیتانە دەستبەکار ببن".

ڕوونیشی کردووەتەوە "جیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ وڵاتێکمان نەبینیوە راستەوخۆ دژی مەبدەئی ریفراندۆم بێت. ریفراندۆم مەبدەئێکی دیموکراسییە و بنەمای دەوڵەتانی دیموکراسییە. بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی جێگیر و سروشتییە بۆ هەموو گەلانی دونیا. راستە تاوەکو ئێستا کاردانەوە لەسەر کاتەکە و شێوە و میکانیزمەکان هەبووە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی گشتپرسی لە رۆژی خۆیدا. هیچ دواخستنێک بۆ ئەو کاتەی دیارکراوە نییە. هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیش بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی ئامادەدەبن".




PM:11:27:22/07/2017