ئەنیمەیشنێكی كوردی كێبركێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵێكی سینەمایی ئەمریكا دەكات

فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردی بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵێكی نێونەتەوەیی سینەمایی ئەمریكادا بەشداری كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات. 
دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداری فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا رایگەیاند "فیلمەكە لەفێستیڤاڵی سینەمایی خەڵاتی بینەران لەئەمریكا بەشداری دەكات‌و كێبركێی بردنەوەی خەڵات دەكات". 
وتیشی "فێستیڤاڵەكە لەرۆژی 6ی ئەیلولی 2017 لەئەمریكا‌و لەباكوری هۆلیۆد ئەنجام دەدرێت". 
جوبرائیل ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەشدا كە "خەڵاتی فێستیڤاڵەكە بەدەنگی بینەرانی فێستیڤاڵەكە دەدرێتە فیلمەكان". 
 فیلمەكە نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەئێستادا فیلمەكە لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی وەرگیراوە و بەشداری لەپێشبڕكێ‌ و بردنەوەی خەڵاتدا دەكات‌و دواهەمین بەشداری‌و خەڵاتیش كە درایە ئەم فیلمە پێدانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بو لەخولی چوارەمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی زانكۆی بابل‌و پێدانی خەڵاتی برۆنزی لەبەشی فیلمە ئەنیمەیشنەكانی فێستیڤاڵی سینەمایی باشوری جۆرجیا كەلەوڵاتی كەنەدا ئەنجامدرا.
(بێدەنگی ئاسمان) كورتە فیلمێكی ئەنیمەیشنە‌و لەبارەی خەونەكانی مرۆڤە بۆ ئازادی‌و لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە جبرائیل ئەبوبەكر دەڵێت "فیلمەكە باس لەخەونی مرۆڤ دەكات بۆ ئازادی، بەوپێیەی كە هیچ كەسێك ناتوانێت رێگا لەئازادی بگرێت‌و بەربەستی بۆ دروست بكات". 
وتیشی "ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە".
جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات و هەتا ئێستا چوار كورتە فیلمی بەرهەمهێناوە و نزیكەی 20 خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی بەدەستهێناوە.
 
 



PM:06:12:26/07/2017