ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق
ڕایگەیاند کە بارزانی هیچ کات نیازی جیابوونەوەی لە حێراق نەبووە، بەڵام
قوڵبوونەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا وایکردووە بڕیاری ڕیفراندۆم بدات ئەگەر تەنها
وەک کارتێکی فشاریش بێت.
عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی
ژیان دەڵێت قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە
بۆ ئەوەی بارزانی بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و ئەمەش بووەتە هەلێک هەندێک وڵات بکەونە
پشتی بابەتەکەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە دڵنیایە ئەگەر
فشارەکانی سەر کوردستان زۆر نەبووایە بارزانی بڕیارێکی وای نەدەدا و دەڵێت
"چونکە بارزانی هیچ کات نیازی جیابوونەوەی لە عێراق نەبووە، لە ڕابردووشدا
تەنها داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەری داواکارییەکانی گەلی کوردی کردووە لە
چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
عەلاوی هەر لەو چاوپێکەوتنەدا پێی وایە ئێستا
کاتێکی گونجاو نییە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە.