ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان: بزووتنەوەی گۆڕان دەستەبەرداری هیچ لەو داوایانە نابێت پێشتر هەیبوون

ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند" پەرلەمانیش کارا بکرێتەوە، گۆڕان دەستبەرداری هیچ یەکێک لەو داوایانەی خۆی نابێت کە پێشتر هەیبوون".

محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمەریکا وتی " ئەگەر هاتوو پەرلەمان کارا یان ئاسایی کرایەوە، بزووتنەوەکەی دەستبەرداری هیچ یەکێک لەو داوایانەی نابێت کە پێشتر هەیبوون و دەڵێت ئەو داوایانە داوای ڕەوان و پێویستە پەرلەمان ئیشەکانی خۆی بکات بەبێ ئەوەی لە دەرەوەی پەرلەمان دەستوەربدرێتە کاروباری پەرلەمان".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان داوای ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان دەکات نەک کارا کردنەوەی پەرلەمان، وەک دەڵێت " ئاسایی کردنەوە بەو مانایەی بگەڕێتەوە بۆ ڕەوشی پێش 15 ی مانگی هەشت واتە لەو کاتەدا چۆن کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکرا، پێویستە وەهای لێبێتەوە و دەشڵێت "هیچ مەرجێک قەبوڵ نییە لەلای ئێمە."
محەمەد تۆفیق ئاشکرایدەکات گەر پەرلەمانیش ئاسایی بکرێتەوە، ئەوان ئامادەنین ئەندام دەستنیشان بکەن بۆ لیژنەی باڵای ریفراندۆم، چونکە وەک خۆی دەڵێت" ریفراندۆم کاری پەرلەمانە".

ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە لیژنەی باڵای ریفراندۆم دوێنێ لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی تا ٨/١٠ پەسەند کرد، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە لەسەر ئەو پرسەو پرسەکانی تر هەرێم وەفدی باڵای پارتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆببنەوە.



AM:09:39:31/07/2017