دادگا بڕیار دەدات لێکۆڵینەوە وەک "تۆمەتبار" لە سێ بەرپرسی باڵای یەکێتی بکرێت

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە تۆمەتی " تسهیل و والاستیلا‌ء" لە فرۆشتنی موڵکی دەوڵەتدا، دەبێت وەک " تۆمەتبار " لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەریەک لە عومەر فەتاح وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ئەو دەمەو، قادر حەمەجان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و، دلێر سەید مەجید بەڕێوەبەری کۆمپانیای نۆکان بکرێت.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە کە دەست سپی میدیا کەوتووە" دادگای تاوانەکان لەسلێمانی /١ بەشێوەیەکی پێداچوونەوە پێکهات لە رۆژی ١٩-٦-٢٠١٧ بەسەرۆکایەتی دادوەر بەڕێز ( کەمال عەبدوڵا رەفیق) وە بەئەندامی دادوەران بەڕیزان ( د. سردار عەلی عەزیز و د. تەها عومەر رەشید ) کە رێگەپێدراون بە دادوەریکردن بەناوی گەلەوە، ئەم بڕیارەی خوارەوەی دەرکرد".

لە بڕیارەکەدا هاتووە " دوای وردبینی و گفتوگۆ: دەرکەوت کە تانەی پێشکەشکراو لە ماوەی یاساییدایە، بۆیە لە رووی شێوەی وەرگیراوە دوای تێڕوانین لە بڕیارەکە دەرکەوت کە راستەو گونجاوە لەگەڵ یاسادا، چونکە رووداوەکە ئەوەیە سەرۆکی حکومەت عومەر فەتاح بە نوسراوی ژمارە ١٨٢ لە ١٢ نیسانی ٢٠٠٥ دا داوای لە وەزارەتی شارەوانی کردووە، موڵکی بابەتی ئەم دۆسیەیە بدرێت بە کۆمپانیای نۆکان بۆ دروستکردنی هۆتێل وە نرخی زەویەکەش بەپێی بڕیای ژمارە ١٢١\١٩٩٨ ی ئەنجومەنی وەزیران دیاری بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتی شارەوانییەوە نووسراو ئاراستەی شارەوانی سلێمانی کراوەو ئەنجومەنی شارەوانیش لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە زەویەکە بە مەبەستی دروستکردنی هۆتێل بدرێت بە کۆمپانیای نۆکان بە پێی بڕیاری ژمارە ١٢١\١٩٩٨ ی ئەنجومەنی وەزیران وە لەبەرئەوەی زەوی بابەتی دۆسیەکە موڵکی دەوڵەت بە ناوی شارەوانی سلێمانی بۆیە پێویسیت بوو بەپێی یاسای بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵت بفرۆشرێت، چونکە بڕیاری ژمارە ١٢١\١٩٩٨ هێزی یاسایی یاسای ئاماژەکراوی نییە".

لە بەڵگەنامەکەی دادگادا کەبڕیارەکەیە، تیایدا هاتووە" بەم شێوەیە ئاسنکاری دەستبەسەراگرتن ( تسهیل الاستیلا‌ء ) بۆ کۆمپانیای نۆکان کراوە بۆیە پێویستە دادوەر بەپێی مادەی ٣١٦ لەیاسای سزاکان، لەم دۆسیەیدا لێکۆڵینەوە وەک تۆمەتبار لە هەریەک لە سەرۆکی حکومەت عومەر فەتاح و وەزیرەی شارەوانی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای نۆکان بکات، چونکە ئەمانە پەیوەندیان بە دۆسیەکەیەوە هەیە، نەک لیژنەی خەمڵاندن".

لە دانیشتنەی دادگادا بڕیار دراوە بە گەڕاندنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگاکەی بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە.

 دوای ئەو بڕیارەو بەدیاریکراوی لە مانگی تەموزدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی،  هەریەک لە دادوەران ( د. سردار عەلی عەزیز و د. تەها عومەر رەشید ) گوازرانەوە بۆ دادگایەکی تر.
بەڵگەکە..




PM:10:55:06/09/2017