محەمەدی حاجى مەحمود ناوەڕۆکى بەدیلەکەى مەکگۆرگ
و هاوپەیمانانی بۆ بارزانى ئاشکراکردووە و ڕایگەیاندووە، ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا
داوایانکردووە "ڕیفراندۆم بۆ ماوەى دووساڵ دوابخرێـت و لە بەرامبەردا ئەوان لە
نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆ لەسەر کێشەی کورد و ڕیفراندۆم دەکەن".
محەمەدی حاجى مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی
کوردستان بە ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا
و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەدیلەکەیاندا بۆ
کورد، ڕایانگەیاندووە، "ئەگەر سەرکردایەتى
کورد بۆ ماوەى دوو ساڵ ڕیفراندۆم دوابخات ئەوا ئەوان کێشەی کورد و بابەتی ڕیفراندۆم
دەخەنە بەرنامەى کارى نەتەوەیەکگرتووەکان و وتوووێژى لەسەر دەکەن".
ئەوەشی وتووە، "بەڵام بارزانى سووربووە لەسەر
ئەوەى کە دەبێـت حکومەتى عێراقیش بە ڕوونى و بە فەرمی دانبەوەدا بنێت کە کورد مافی
چارەی خۆی دیاریبکات دواى ئەو دوو ساڵە ئینجا ریفراندۆم دوادەخەین".
ئەوەش لەکاتێدایە ڕۆژی ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٧ سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە
کۆبوونەوەی بارزانى و نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا
و ئەڵمانیا بەدیلی ڕیفراندۆم خراوەتەڕوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا ئاماژە
بۆ ئەوەش کراوە کە "بارزانى وتوویەتى ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کورد
باس دەکات و لە ماوەیەکى نزیکدا هەڵوێستى لە بارەوە ڕادەگەیەنن".