ئێران لەسلێمانیەوە دژی ریفراندۆم کاردەکات
دانایی فەڕ لەسلێمانیەوە فشار لەیەکێتی‌و هێزەکانی تر دەکات

کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە فشارکردن لەسەر هێزەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتی یەکێتی، چەند رۆژێکە گەورە بەرپرسی ئێران دانایی فەڕ لە سلێمانی یە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ریفراندۆم کە ٢٥ ی ئەیلول سازدەکرێت، ئێران بە هەموو شێوازێک بەردەوامە لەسەر فشار لە هێزە کوردیەکان و، چۆنێتی پەیوەندیکردنی وەفدەکانی ئەو وڵاتە بە سەرکردایەتی هەموو هێزە کوردیەکانی باشووری کوردستان بووە بە کاری رۆژانەو لەو ساتەوە وەفدەکانیان بە نوێنەرانی سووپای پاسداران و بە ئیتسلاعاتیشەوە بەردەوامن لە فشارخستنە سەر ئەو هێزانە.

بەپێی دواین زانیاری کە لەسەرچاوەیەکی بەرپرسەوە دەست سپی کەوتووە" وەفدێکی ئێرانی بەسەرۆکایەتی دانا فەڕ و بەرپرسێکی تری ئەو وڵاتە کە ناوی هاشمە چەند رۆژە لە سلێمانی یەو فشارێکی زۆری خستۆتە سەر یەکێتی و حیزبەکانی تر تا پاشەکشە بکەن لە پرۆسەی ریفراندۆم".

هەفتەی پێشووش وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی قاسم سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودس چاوی بە بارزانی و بەرپرسانی یەکێتی کەوت و دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم راگەیاند.

حەسەن دانای فەڕ بە یەکێک لە کەسایەتیە بەهێزەکانی ئێران دادەنرێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی کوردا هەیە و پێشتر باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لە عێراق.




PM:02:11:18/09/2017