بەرهەم ساڵح رای خۆی لەسەر ریفراندۆم ئاشکرا کرد

هەرچەندە تا ئێستا بەرهەم ساڵح سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری لەسەر پرسی ریفراندۆم رانەگەیاندبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئاشکرا کرد کە ئەو لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستانە بۆ سەربەخۆیی.

د. به‌رهه‌م ساڵح به‌ناونیشانی (سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم) له‌ لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی " هیچ گومانی تێدا نیە، گەلی کوردستان خاوەنی مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی. بێ دوودڵی دەنگی من و هاودیدەکانمان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستان، بۆ سەربەخۆییە".

هەرچەندە بەرهەم ساڵح بەشداری هەڵمەتی باگەشەی ریفراندۆمی نەکردووە، بەڵام دەنگی لەگەڵ سەربەخۆییەو دەڵێت " بەڵام دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوکمڕانی باش، ئامڕازی بەجێگەیاندنی سەربەخۆییە. ستەمکاری و لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە حوکمڕانی، سەرچاوەی هەڕەشە  ومەترسین بۆ سەربەخۆیی. بێگومان بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆیی پێداگریشە لەسەر حوکمڕانی باش و دادپەروەری خزمەتگوزاری هاوڵاتیان، پێداگریه‌ لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی حوکمڕانی دیمکراتی".

ناوبراو پێیوایە" لەم ڕوەوە بڕیاڕی ژیر و مەدروس، دایەلۆگ لەگەل بەغدا و دراوسێکان و کارکردن لەسەر کۆمەڵگەی نێودەولەتی پێویستە، بۆئەوەی سەربەخۆیی کوردستان ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی بۆ گەلی کوردستان و بۆ ناوچەکە".

له‌كۆتایدا د. بەرهەم ساڵح ده‌ڵێت " سەربەخۆیی تەنها بۆ ئەم نەوەیە نیە، گەنجانی ئەم وڵاتە و نەوەکانی داهاتوو لەگەڵ ئاکامی بڕیاڕی ئەمڕۆمان دەژین، بۆیە دەبێت بە بەرپرسیارێتیەوە هەنگاو بنێین، دایەلۆگ و تیگەیشتنمان لەگەڵ گەلانی دراوسێ پێویستە بۆ دورخستنەوەی کوردستانی ئەمڕۆ و ئایندەیە لە ئاشووب و شەڕ.

د. به‌رهه‌م ساڵح رۆژی ١٦ ی ئەیلول قه‌واره‌یه‌كی نوێی به‌ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) له‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماركردو، ئەگەر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ 6/11/2017 به‌ڕێوه‌بچێت، ئەوا بەو قەوارەیەوە به‌شداری ده‌كات .



PM:06:54:19/09/2017