سپی زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی لیژنەی بالآی ریفراندۆم بلآودەکاتەوە

ئەمڕۆ ٢١ ی ئەیلول لە هاوینەهەواری سەلاحەدین دوو کۆبوونەوە سازکراوە، کۆبوونەوەیەکیان لە نێوان پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو و سۆسیالیست و یەکگرتوودا بووە، کۆبوونەوەیەکی تریان لیژنەی بالآی ریفراندۆم بووە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی ریفراندۆم بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری سەلاحەدین دوو کۆبوونەوەی جیاواز لەسەر پرسی ریفراندۆم بە ئامادەبوونی بارزانی سازکراوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست و یەکگرتوودا سازکراوە، لەکاتی کۆبوونەوەیەدا "ئێمانوێل ماکڕۆن" سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە بارزانییەوە کردووە کە ریفراندۆم دوابخات و یەکێتی خاکی عێراق بپارێزن، بارزانی لەو تەلەفونەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان ریفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەنجامیشی نەدەن هەر دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، بەلآم کورد داوای گەرنتی نێو دەوڵەتی دەکەن کە تا ئێستا دەستەبەر نەکراوە. 

لەو کۆبوونەوە چوار قۆڵیەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ماوە نەماوە بۆ گفتوگۆ  لەگەڵ بەغدا و ، ئاراستەی سەرجەم گفتوگۆکان بەو شێوەیە بووە کە ریفراندۆم لە شارەکانی هەرێم  ( هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵبجە ) ساازبکرێت، ریفراندۆمی ناوچە جێناکۆکانیش پەیوەندی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەیە، ئەگەر یەکێتی مکوڕبێت لەسەر ئەنجامدان، ئەوا ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەکرێت، بەپێچەوانەشە 
ئەگەر لەگەڵ ئەنجامدانیدا نەبێت، ئەوا ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام نادرێت و دوا دەکەوێت.

یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکیان کە کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و د. نەجمەدین کەریمە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدان، رەفعەت عەبدولآ و مەڵبەندی کەرکوک لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نین. ( یەکێتی وەک سپی زانیویەتی جگە لە فشاری کادیرەکانی لە ژێر فشاری ئێرانیشدایە کە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت).

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە وەفدی دانوستانکاری کورد شەممە  ٢٢ ی ئەیلول بچێتە بەغداو بۆ بەرپرسانی بەغدا روونبکرێتەوە کە کورد ریفراندۆم ئەنجام بدات، یان ئەنجامی نەدات، هەر دەگەرێتەوە بۆ بەغدا بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ، بەلآم جارێکی تر وەفدی کوردی گفتوگۆ لەسەر بودجەو داهاتی نەوت و بووجەی پێشمەرگە ناکات، وەفدی کوردی لەسەر ئەو بنەمایانە دەچێتە بەغدا کە گفتوگۆیەکی جدی لەسەر دوو ساڵ دواخستنی ریفراندۆم بکەن بەو مەرجەی کە گفتوگۆیەکی جدی بکرێت  لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر جیابوونەوە.لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کراوە ناوەندێکی سیاسی بەغدا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر کۆنفیدراڵی بکات بەو مەرجەی ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت.

کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆمیش هاوشێوەی کۆبوونەوەی یەکەم بووەو بڕیاردراوە وەفدە کوردیەکە بچێتەوە بەغداو جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە لەکاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، یان ئەنجام نەدانی ریفراندۆم ئەوان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ بەغدا.

وابڕیارە جارێکی تر کۆبوونەوەی لیژنەی بلآی ریفراندۆم رۆژی ٢٣ ی ئەیلول، واتە دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەسەر دوا پێشهاتەکان و ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو گرنتیە نێو دەوڵەتییەکان کۆبێتەوە دوا بڕیار بدات.

 





PM:07:45:21/09/2017