زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی سبەی کردە پشووی فەرمی

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە سبەی دەکاتە پشووی فەرمی لە سەرۆکایەتی زانکۆ و  دەسەڵاتیش دەداتە ڕاگرەکان بۆ بڕیاردان لە دەوامکردن یا ڕاگەیاندنی پشوو لە کۆلێج و پەیمانگاکان.

لە پەیامێکیدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، "سبەی یەک شەممە 24ی ئەیلول لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پشووی فەرمی دەبێت".

سەبارەت بە ھۆکاری ئەم بڕیارە، سەرۆکی زانکۆ روونیکردەوە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ھاوکاریکردنی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆمی کوردستان ئەو بڕیارەیانداوە".

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، سەبارەت بەکۆلێج و پەیمانگاکان دەسەڵات دەدرێت بە راگرە بەرێزەکان و ئەوانیش بەپێی پێویستی و لەسەر بنەمای جیاوازی ناوچەی جوگرافی و شوێنی نیشتەجێبوون دەتوانن بڕیار لەسەر پشووی سبەی یەک شەممەی فەرمانبەران و مامۆستایانیان بدەن.

ڕۆژی دووشەممە 25ی ئەیلول پرۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت و ئەو رۆژەش لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.



PM:10:46:23/09/2017