دواین فرۆکە لە قاهیرەوە گەیشتە سلێمانی

دواین فرۆکە لە فرۆکەخانەی سلێمانی نیشتەوە کە لەقاهیرهوە ژمارەیەک سەرنشینی هەڵگرتبوو، گەشتیارانیش پێیانوایە ڕاگرتنی گەشتەکان گەشتیاران زیاتر ئازار دەدات وەک لە دەسەڵاتداران.


پەیامنێری "سپی میدیا" لە فرۆکەخانەی سلێمانیەوە ڕایگەیاند "کاتژمێر 4ی سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ دواین فرۆکەی گەشتیاری لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە گەیشتۆتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و پێناچێت هیچ گەشتێکی دیکەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت".

فرۆکەکە ژمارەیەک گەشتیاری جیاوازی تیادا بووە و یەکێک لە گەشتیارەکان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند سەرەڕای ئەوەی بلیتی گەشتەکەی بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بووە، بەڵام ناچار بووە بەهۆی ئەوەی بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان دراوە ئەو بلیتە کانسڵ بکاتەوە و بە نرخێکی گرانتر بلیتی ئەمڕۆ بکڕێت.

ئەو گەشتیارە ئاماژەی بەوەشدا ئەم ڕێکارانەی حکومەتی عێراق "هاوڵاتیان زیاتر ئازار دەدات وەک لە دەسەڵاتداران".

هاوکات گروپێک بەناوی گەنجانی نیشتیمان لە فۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی 1000 باڵۆنیان ئامادەکردوە بۆ هەڵدانی بە ئاسماندا وەک ئاماژەیەک بۆ ئازادکردنی ئاسمانی شار.

ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.

هاکات هەر ئەمڕۆ نوسینگەى  سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە دەستگرتن بە سەر خاڵە سنورەییەکان و فۆکەخانەکان بۆ  برسیکردن و گەمارۆدانى هاوڵاتیانى هەرێمی کوردستان بێت و دەڵێت "ڕێگرتنە لە بەقاچاغبردن و ئەنجامدانى گەندەڵی".




PM:04:46:29/09/2017