عەلاوی ئەو دەستپێشخەریەی پێشکەشی بارزانی کرد ئاراستەی عەبادیشی کرد

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، لە نامەیەکدا بۆ حەیدەر عەبادی، چەند خاڵێک بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دیاری دەکات. داواش دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دانوستاندنەکان بکات.


ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، کە هاوکات سەرۆکی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانییە دەڵێت "لە رۆژی 25ی ئەم مانگە دەستپێشخەرییەکمان خستەڕوو، مەسعود بارزانی،  وەڵامێکی ئەرێنی بۆ دەستپێشخەرییەکە دەربڕی، ئەمڕۆ هەینیش (29-9-2017) نامەیەکم بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق نارد".

عەلاوی داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی، دەکات سوود لەو پێشهاتە وەربگرن و دۆخەکە بۆ قۆناخێکی دیکە بگوازنەوە. بەپێویستیشی دەزانێت لەسەر ئەو بنەمایانە رێکبکەون:

یەکەم: دەستپێکردنی دانوستاندنی بێمەرجی پێشوەختە.

دووەم: بنەمای دانوستاندنەکان دەستووری کۆماری عێراق بێت.

سێیەم: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پشتیوانی دانوستاندنەکان بکات و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی شارەزایان بنێرێت.

چوارەم: راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن و بڕیارەکان کە دۆخەکە تێکدەدەن.

پێنجەم: چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە ناوچە جێناکۆکەکان، لەپێش هەموو ناوچەکانیشەوە پارێزگای کەرکووک.

شەشەم: دۆزینەوەی چارەسەری نیشتمانی و دوورخستنەوەی عێراق لە دەستوەردانی دەرەکی و وڵاتانی دراوسێ، کە ئەگەری ئەوە هەیە کێشەکان قووڵترببنەوە و عێراق بکەوێتە نێو کۆمەڵێک کێشمەکێشی زیاتر.

عەللاوی بەپێویستی دەزانێت هەموو لایەنەکان بۆ ئاشتەوایەکی نیشتمانی سەرانسەری و دەرچوون لەو پشکپشکێنە و بنیاتنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی و سەروەری یاسا ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە.



PM:09:29:29/09/2017