" ئێران دژایەتی ناوچەکانی سلێمانی دەکات "

کۆماری ئیسلامی ئێران ناهێڵێت هەموو جۆرەکانی سوتەمەنی لە ناوچەکانی سلێمانی یەوە ببرێتە نێو ئێران و لەوێشەوە بەنزین و نەوتی سپی بهێنرێتە ئەو ناوچانە، لە کاتێکدا کە تا ئێستا هێنان و بردنی سوتەمەنی لە حاجی ئۆمەرانەوە بە ئاسایی هەناردە دەکرێت. 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سپی، عومەر قەلآدزێی رایگەیاند" لە رۆژێک دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگای لە هێنان و بردنی سووتەمەنی بە هەموو جۆرەکانیەوە لە هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخانەوە راگرتووەو ئەو ولآتە ئەو دەروازانەی بەرووی ناوچەکانی سلێمانیدا داخستووە".

سپی لە رێگای پەیامنێرانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران کرد، بەلآم لەو دەروازەیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ رێگریەکی بۆ هێنان و بردنی سووتەمەنی دانەناوەو تا ئەم ئێوارەیە ١ ی تشرینی یەکەم ئەو دەروازەیە بەرووی هەموو کالآیەکدا کراوەبووە.

ئەو هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دوو رۆژ لەمەوبەر وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی بەرپرسانی یەکێتی لە نێویاندا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری ئەو حیزبەیان کردووەو پێیان راگەیاندوون کە دووربکەونە لە سیاسەتی پارتی و پاشگەزبنەوە لە ریفراندۆم، ئەوا بەرامبەر ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران فرۆکەخانەی سلێمانی بەرووی گەشتە ئاسمانییەکانی دەرەوەی عێراقدا دەکاتەوە، هاوکات دەرگای مەرزە سنوریەکان بەرووی هەموو کالآیەکدا دەکاتەوە، بەلآم بەرپرسانی یەکێتی تا ئەو ساتە ئەمادە نەبوون داواکەی ئێران قبوڵ بکەن و وەفدەکە بەدەست بەتاڵ گەڕاونەتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران.

ماوەی سێ مانگە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای گەورە بەرپرسانی وەک قاسمی سلێمانی فەرمانگەی سووپای قودس و دانای فەڕ کۆنە باڵوێزی ئێرانەوە لە بەغدا بەردەوامن لە فشارخستنە سەر سەرکردەکانی یەکێتی بۆ ئەوەی پاڵپشتی بارزانی ناکەن لە پرسی ریفراندۆمدا.

  





PM:10:43:01/10/2017