جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان ڕاگیرا


ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕایگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان ڕاگیراوە بەڵ هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە ڕێگەی مەرزەكەوە بەردەوامە.


ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕاشیگەیاند "بەهۆی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەسەر سنووری هەرێم و ئێران، جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان ڕاگیراوە".

ئاماژە بەوەش دراوە ماوەی ڕاگرتنی جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دیاری نەكراوە، ڕاگرتنەكەش بە نوسراوی فەرمی نەبووە.

هاوکات بەیانی ئەمڕۆش عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبۆتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە ڕێگەی مەرزەكەوە بەردەوامە، جار جارە و بەپێی پێویستی ڕێگە بە شۆفێران دەدرێت بارەکانیان لە وڵاتی ئێران بهێنن.

هەر ئەمڕۆ ئێران مەرزى باشماخیشی لە سنورى خۆیەوە  بە ڕووى کارى بازرگانیدا داخست و تەنیا ڕێگا بە هاتوچۆی گەشتیار دەدات.

شاخەوان ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە سپی میدیای راگەیاند" لە کاتژمێر ١١ ی نیوەرۆوە مانۆری هاوبەشی سووپای ئێران و سووپای عێراق لە نزیک دەروازەی باشماخی هەرێمی کوردستان لە دیووی ئێرانەوە دەستیپێکردووە".

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ سپی رایگەیاند " هێزێکی زۆری زرێپۆش و پیادەی ئێرانی و هێزێکی کەمی عێراقی، هێزەکانیش شۆفڵیان لەگەڵە بەشدارن لەو مانۆرەدا لە دیوی هەرێمەوە لەدەروازەی باشماخەوە بە ئاسانی دەبینرێن ".

پێشتر ئێران ئاسمانى خۆى بۆ هاتوچۆى هاوڵاتیان یان گەشتیارانى هەرێم قەدەغە کرد، و ڕێگاش بە هاتوچۆى سوتەمەنى نادات لە مەرزەکانیدا.



PM:07:37:02/10/2017