مالیکی جارێکی دیکە ڕیفراندۆم ڕەت دەکاتەوە

نوری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "پشتیوانی له‌ گفتوگۆی دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم ده‌كه‌ین".


نوری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ میانی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق ڕایگەیاند "پشتیوانی له‌ گفتوگۆی بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم".

لە بەیاننامەی نوسینگەی مالیکیدا هاتووە كه‌ وێڕای تاوتوێكردنی دوایین گۆڕانكارییه‌ ئه‌منیی و سیاسییه‌كان، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق تاوتوێی ڕووداوەکانی دوای ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق كردووه‌ و پێی وابووه‌ " گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم، هیچ بایه‌خێكی نییه‌".

مالیكی دوپاتیكردوه‌ته‌وه‌ کە ڕیفراندۆم ڕەت دەکەنەوە و رایگه‌یاندووه "پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌"، پشتیوانیشی بۆ گفتوگۆی بێ مه‌رج ده‌ربڕیووه‌ به‌ڵام مه‌رجی خۆی ئه‌وه‌یه‌ ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ وته‌ی ناوبراو گفتوگۆ  له‌گه‌ڵ بونی ریفراندۆمدا هیچ بایه‌خێكی نییه‌.

مالیكی وتویه‌تی "هێوركردنه‌وه‌ یان داواكردنی گفتوگۆ له‌سه‌ر حسابی لادان له‌ ده‌ستور و په‌لهاویشتن بۆ خاكی پێكهاته‌كانی دیكه‌، كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو شتێكی ناشه‌رعی هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌".

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی نوسینگه‌ی مالیكیدا ئەوەش هاتووه‌ كه‌ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق پشتیوانیی خۆی بۆ عیراق و دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ و په‌رۆشی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كێتی و سه‌لامه‌تیی خاكی عیراق بووه‌.

له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017، باشوری کوردستان ریفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئەنجامدا و لە 92% دەنگدەران دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا.



PM:05:24:08/10/2017