راوێژکاری عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پرۆژەکەی بارزانی بێ خوێنڕشتن شکستی هێنا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە عەلی ئەکبەر ولایەتی، لەمیانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک و یاریدەدەرانی زانکۆکانی ئێران ڕایگەیاندووە، هەر لە سەرەتاوە ئەمەریکا و قەوارەی زایۆنی لە دوای دابەشکردنی عێراق و سوریاوە بوون، بەڵام ئەو خەونانەیان دەبەنە گۆڕەوە.
ولایەتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند "پرۆژەکەی بارزانی بێ هیچ خوێنڕشتنێک شکستی هێنا، ئەویش بەهۆی دوو هۆکارەوە بووە، یەکێکیان دانایی حکومەتی عێراق و ڕاوێژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران".
هاوکات مانگی ئەیلولی ڕابردوو ڕاوێژکاری عەلی خامنەئی ڕابەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان پەیدابوونی ئیسرائیلی دووەمە لەناوچەکەدا و ئەوە هەوڵی ئیسرائیلییەکانە وەک خۆی دەڵێت بەڵام ئەوان بە ئاواتەکانیان ناگەن.