عەبادی لەسەر دەرکردنی میلیشیا ئێرانییەکان وەڵامی ئەمەریکای دایەوە

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیگەرانی خۆی لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی دەرکردنی حەشدی شەعبییەوە دەربڕیوە و پێی سەیر بووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە هاتووە ''سەرچاوەیەکی نزیک لە عەبادی رایگەیاندووە، عەبادی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پێ سەیر بووە لەبارەی حەشدی شەعبییەوە''.

ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی '' شەڕکەرەکانی حەشدی شەعبی سەرجەمیان عێراقین و قوربانییەکی زۆریان بە گیانی خۆیان داوە بەمەبەستی بەرگری کرد لە گەلی عێراق و بەگوێرەی یاسا و پەرلەمانی عێراق ئەو هێزە سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراقن''.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە '' هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نیە تەداخول لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکات''.

سەرچاوەکە جەختیکردوەتەوە لەوەی عێراقییەکان خۆیانن کە لەسەر خاکی عێراق دەجەنگن و هیچ هێزێکی دەرەکی شەڕکەر لە سەر خاکی عێراق بونی نیە.

ئەوەشی روونکردووەتەوە '' بونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا یان هەر وڵاتێکی تر بە ژمارەی سنوردار مەبەست لێی  پشتیوانی لۆجستی و راهێنانکردن و پشتیوانی ئاسمانییە نەک بۆ مانەوەیان لە خاکی عێراقدا''.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ریکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند '' بە دڵنیاییەوە میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراقدا هەن، لە ئێستاشدا بەو پێیەی شەڕی دژی داعش لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئە میلشیا چەکدارانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، پێویستە لەسەر هەموو چەکدارانی بیانی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان".

زیاتر بخوێنەرەوە





ئه‌م بابه‌ته 7005 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:46:23/10/2017