هاوەڵی شاجوان پەیوەندیی خۆشەویستی خۆی لەگەڵ بەرپرسێكی باڵادا ئاشكرا كرد

تارا فارس كە تەمەنی 21 ساڵە‌و لە تەمەنی 16 ساڵی هاوسەرگیری كردوە، یەکێکە لە بەناوبانگرترین کچە مۆدێلەکان لە کوردستان و عێراق، ئەو لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداریی لە هەڵبژاردنی شاجوانی عێراقدا کرد و وەک هاوەڵی یەکەمی شاجوان هەڵبژێردرا.

تارا دواتر بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنە ورووژێنەرەکانییه‌وه‌ دەنگدانەوەی زۆری لە عێراقدا درووست کرد، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاژانس باس لە چەندین نهێنییەکی ژیانی دەکات.

ماوەیەکی زۆر لە کوردستان بوویت، ئێستا لە کوێ ژیان بەسەر دەبەیت؟
تارا: من زۆرکات گۆڕانکاریم لە شوێنی ژیانمدا کردووە، بۆ خۆم لە بەغدا لە دایک بووم، بەڵام ماوەیەکیش لەگەڵ خانەوادەکەم چووینەتە لوبنان و تورکیا، دواتر گەڕاینەوە بۆ عێراق، ماوەیەکی زۆر لە هەولێر ژیانم بەسەر برد، ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغداد بە هۆی کاروبارەکەمه‌وه‌ هاتوچۆ دەکەم.

ژیانت لە کوردستان چۆن بوو؟
تارا: هەرچەندە زانیاریی زۆرم لەسەر کوردستان نەبوو، بەڵام کە هاتمە ئێرە و ئەو ئاسایش و ئارامییەم بینی، زۆر دڵخۆش بووم، خەڵکی کوردستانیش زۆر میواندۆست و کراوەن و شانازی بە هاوڕێ کوردەکانمەوە دەکەم، هەندێک وشەی سادەش لە زمانی کوردی فێر بووم، بەڵام زۆر حەزم بە دەستەواژەی (دەمرم بۆ تۆ) بوو.

بۆچوونت لەسەر گەنجانی کورد چییە؟ گەر کوڕێکی کورد بێتە ژیانتەوە ئامادەی هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەیت؟
تارا: هیچ جیاوازییەک لە نێوان کچ و کوڕی کورد و عەرەبدا نابینم، هەڵسوکەوت و ژینگەی پەروەردەمان لێکەوە نزیکە، هەریەکەشیان تایبەتمەندیی جوانی و سەرنجڕاکێشیی خۆی هەیە، سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەشت من خوشکەکەم شووی کردووە بە کوڕێکی کورد، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە گەر کوڕێکی کورد بێتە ژیانمەوە شووی پێ دەکەم و خانەوادەکەمان بۆ ئەو شتانە بیریان کراوەیە.
 
لە ماوەی ڕابردودا گۆڕانکاریی گەورە لە کار و وێنەکانی تۆدا بینرا، دەرکەوتن بە جلی مەلە و تەنانەت جلی ژێرەوە بۆ کچێک لە کۆمەڵگەی عێراقیدا قبووڵکراوە؟
تارا: ڕاستە من کچێکی عێراقیم و لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی و ئایینی و پارێزگاردا دەژیم، بەڵام وەک کچەمۆدێلێکی عەرەبی کە لەناو عێراق و دەرەوەی عێراق کار دەکەم ناوبانگم هەیە و بە شێواز و ستایلی تایبەتیی خۆم کار دەکەم، گرنگە کە فێری ئەوە بیین ڕێز لە ئازادیی یەکدی بگرین و ڕێبازی ژیان بۆ کەسانی دیکە دانەنێین، من ئەوە لەبەر دەکەم کە خۆم دەمەوێت و کە خۆم حەزم لێیەتی، ڕێز لە کەسێکیش دەگرم کە باڵاپۆشە، بەڵام من باڵاپۆش نیم و خۆم دیاریم کردووە کە چی هەڵدەبژێرم، کارەکانی من بوێریی تێدایە، بەڵام ناڕەزایەتیی زۆریشم ڕووبەڕوو بووه‌تەوە.

دەوترێت پێشتر شووت کردووە و جیا بوویتەتەوە، چیرۆکی ئەوە چییە؟
تارا: بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوام ئافرەت قوربانییە، تا کچە دەڵێن بۆ شووی نەکردووە، شوو دەکەیت دەڵێن بۆ مناڵی نییە، منداڵت دەبێت دەڵێن بۆ کوڕ نییە و کچە؟ دەیان قسەوقسەڵۆکی دیکەی هاوشێوە! من لە تەمەنی ١٦ساڵیدا درام بە شوو، ئەو کوڕە زۆر خراپ بوو لەگەڵمدا و تەنیا بۆ تێرکردنی حەزی خۆی و خزمەتکردن منی دەویست و چەندین جار بە توندی لێی دەدام، منداڵێکیشم لێی هەبوو، بەڵام دواتر لێی جیا بوومەوە، بە زۆر منداڵەکەی لێ سەندمەوە، بەڵام سوپاس بۆخوا کە ئەو ئەزموونە ناخۆشەم درێژەی نەکێشا و بە تەواوی لە ژیانمدا نەما.

ئێستا هیچ پەیوەندیی خۆشەویستی لە ژیانتدا هەیە؟
تارا: پەیوەندیم لەگەڵ کەسێکدا هەیە کە بەرپرسێکی گەورەیە و زۆریشم خۆش دەوێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کولتوور و کۆمەڵگە ڕێگرن بوونی من لە ژیانیدا کارێکی ئەستەمە.

بەدەر لە کارەکەت وەک مۆدێل، بە چی دیکەوە سەرقاڵیت؟
تارا: من کتێب زۆر دەخوێنمەوە و حەزم لە نووسینیشە، ئێستا سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکم کە چیرۆکەکەی لە هەندێک لایەنی ژیانی خۆمەوە وەرگیراوە و دەبێتە سوپرایزێک بۆ هەوادارانم، زۆر زۆر حەزم لە گەشتە و زوو زوو گەشت دەکەم، پێم وایە ژیان وەک کتێبێک وایە، ئەوەی کە گەشت ناکات تەنیا لە یەک لاپەڕەی کتێبەکەدا دەمێنێتەوە.




PM:09:11:25/10/2017