گەنجێک دوای کووشتنی کچێک خۆشی کووشت

لەشاری دهۆك گەنجێك دوای كوشتنی كچێك خۆشی دەكوژێت، پۆلیسیش هۆكاری روداوەكە بۆ ئەوە دەگەڕِێتەوە كە باوكی كچەكە رەزامەند نەبووە كچەكەی بداتە ئەو كوڕە.

لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رائید هێمن سلێمان لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە لەسەر پەیجی تایبەتی پۆلیسی دهۆك بڵاویكردۆتەوە، تیایدا هاتووە " سەعات 1ی شەوی رابردوو لەگەڕەكی ماڵتای سەنتەری شاری دهۆك مێرد منداڵێكی تەمەن 17 ساڵان چوەتە سەر ماڵێك و كچێكی ماڵەكەی بەدەمانچە كوشتوە كە تەمەنی 17 ساڵانە".

لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رونیشیكردەوە هێزەكانی پۆلیس و بەڵگەی تاوان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكەو تەرمی هەردوو كوژراوەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كردوە.

رائید هێمن سلێمان لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت " دوای كوشتنی كچەكە، ئەو كوڕە هەر لەو ماڵەدا گوللەیەكی ناوە بەخۆیەوەو خۆی كوشتوە". 

لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەبارەی هۆكاری روداوەكەوەشەوە، رایگەیاند" بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە ئەو كوڕە چوەتە خوازبێنی كچەكە، بەڵام باوكی كچە رەزامەند نەبووە لەسەر ئەوەی كچەكەی لەو تەمەنەدا شوبكات و رایگەیاندوە كە كچ و كوڕەكە هێشتا تەمەنیان بچوكە، بۆیە كوڕەكە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە".




PM:08:31:05/11/2017