ڕاوێژکارێکی حکومەت لەبارەی دانوستانەکانەوە ئاماژە بەبوونی دەستی دەرەکی دەکات

راوێژکارێکی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دانوستان دروستترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کۆتایی و هەرێمى کوردستان و دەستی دەرەکیش بەهۆکاری دەستپێنەکردنی گفتوگۆکان دەزانێت.


دڵشاد شەهاب، راوێژکارى ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو وتی "حکومەتى هەرێم جەخت لەسەر دەستپێکردنى گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە و دیالۆگ بە باشترین رێگەچارە دەزانێت، ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ عێراق دووپات کردووەتەوە و ئەوانیش دیالۆگیان رەت نەکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە".

ئاشکراشیکرد، لەمەودوا دانوستانەکانى هەولێر و بەغدا یاسایی و دەستوورى و هونەرى دەبێت، دانیشتنى سیاسى کەمتر بوونى دەبێت.

دڵشاد شەهاب دەستی دەرەکیشی بەهۆکاری دەستپێنەکردنی گفتوگۆکان زانی و وتی "گرێکوێرەى نێوان هەرێم و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان، ئەوەیە کە حکومەتى عێراق دەستى لەگەڵ دەستى چەند وڵاتێک و لایەنێک تێکەڵکردووە، هەڕەشە و هەنگاوی زۆریان بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان گرتەبەر، کە بەڕاستى لە قەبارەى پەرچەکردارى ریفراندۆم گەورەتر بوون، وایان بە خەڵک و وڵاتان نیشاندا کە مەبەستیان سڕینەوەى هەرێمى کوردستان بێت".

هەروەها باسی لە ئەگەری هەموارکردنەوەى دەستوورى عێراق کرد و وتی "پێموایە لایەنە سیاسییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەیانەوێت ئەم بابەتە بگۆڕن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە کاتە".

لەبارەی رادەستکردنەوەی داهاتەکانی هەرێمیش، دڵشاد شەهاب وتی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق سەرجەم داهاتەکانى هەرێمى کوردستان رادەست بکات، کە ئەمەش جگە لە داهاتى نەوت، داهاتى دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانیش دەگرێتەوە".

لە کۆتایی چاوپێکەوتنکەشی باسی لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد و رایگەیاند، ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان راسپێردراوە بۆ ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان لەم دۆخەدا، لەم چوارچێوەیە سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کردووە و بڕیاریشە سەردانی حزبەکانی دیکەش بکات.

راوێژکارى تایبەتى سەرۆک وەزیرانى هەرێم باسیشی لە هەوڵی مامەڵەکردنی راستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا کرد و تەئکیدی کردەوە "خەڵکێک لە هەوڵى ئەوەدا بوون بەغدا مامەڵەی راستەخۆ لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکات، دواجار لێکتێگەیشتنى حکوومەت و دامودەزگاکان و کاریگەرى چەند لایەنێک بە ئەرێنى وایکرد سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى خۆى رەتى راستەخۆ مامەڵەکردنى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان بکات".

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی تورکیاش، ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لە زۆر قۆناغى گرنگ و هەستیاردا هاوکارى هەرێمى کوردستان بووە، رۆڵى باشى گێڕاوە لە هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، ئێستاش نەک تەنها هیوادارن گفتوگۆ و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێم ئاسایی بێتەوە، بەڵکو دەیانەوێت لە هەموو قۆناغەکانى رابردوو باشتر بێت و پێشکەوتنى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.



PM:01:50:11/11/2017