سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا
"قەرەبوو دەكرێنەوە"

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دەربەندیخان رایگەیاند "بودجەیەكمان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانكردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی زیانلێكەوتووی بوومەلەرزەكە لە دەربەندیخان".

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا نێچیرڤان بارزانی پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی دەربەندیخان و باشووری كوردستان و بوومەلەرزەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد.

 لەبارەی بەنداوی دەربەندیخانیش رایگەیاند، "لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا رێكەوتوون بۆ ئەوەی لیژنەیەك بنێرن بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری بە یاوەری هەریەكە د.رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی، د.پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ بەسەركردنەوە و لە نزیكەوە ئاگاداربوون بۆ رەوشی لێقەوماوان و زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكە سەردانی دەربەندیخانیان كرد، پاشان لەگەڵ قائیمقام و یەكە ئیدارییەكانی قەزاكە كۆبوونەوە.

شەوی یەكشەممە 12ی تشرینی دووەم، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، زۆرترین زیانیش لە باشووری كوردستان بەر قەزای دەربەندیخان كەوت.



PM:02:31:14/11/2017