عومەر سەید عەلی: با نێچیرڤان و قوباد پۆستی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی وەربگرنەوە

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان گۆڕان و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، عومەری سەید عەلی بەڕاشکاوی رایگەیاندووە" با نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە حکومەتی کاتی وەربگرنەوە".

زیاتر لە سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەی نێوان عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کە دوێنێ سێ شەممە ٢١ تشرینی دووەم لە سلێمانی سازکرا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بەغدا لاوازە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەگەر جارێکی تریش ریفراندۆم بکرێت، ئەوا ئەو هەر دەنگ بە " بەڵێ " دەداتەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کۆبوونەوەیەدا بەراشکاوی رایگەیاندووە کە با سەرۆکی حکومەتەکە نێچیرڤان بارزانی بێت و جێگرەکەشی قوباد تاڵەبانی بێت لەو حکومەتەی ئەوان داوای دەکەن.

لەوەلآمی ئەم رایەی عومەری سەید عەلی دا، نێچیرڤان بارزانی بە شۆخیەوە باسی لەوە کردەوە "کەواتە کاک عومەر ئێوە کە دژی ئێمە نەبن، ئەوا دیارە دژی وەزیرەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامین. ( لەو کاتەدا نێچیرڤان بارزانی دەستی بۆ مەولود باوە موراد وەزیرەکەی یەکگرتوو ، عەبدولستار مەجید وەزیرکەی کۆمەڵی ئیسلامی راکێشاوە کە بەشداری وەفدەکە بوون ).

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گۆڕان داوای یەک ریزی کوردی کردۆتەوە بەرامبەر بەغدا، هەروەها دژایەتی خۆیان بۆ دوو ئیدارەیی دووپاتکردۆتەوە.

دوێنێ ٢١ ی تشرینی دووەم وەفدێکی حکومەتی هەرێم کە لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تالەبانی و چەند وەزیرێکی تر پێکهاتبوو، لەلایەن رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن و چەند ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی لەمەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە.
  



PM:08:01:22/11/2017