" بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کەشایستەیی خەڵاتی جیهانی بێت"

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە بەختیار عەلی دەکات و دەڵێت " وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەخشینی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی ئەڵمانی لەبواری ئەدەبی بەنوسەر و ئەدیب بەختیار عەلی بەرز دەنرخێنێت".

لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ سپی نێردراوە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێ پیرۆزبایی لە نوسەر بەختیار عەلی دەکات کە خەڵاتی(نیللی زاکس)ی جیھانی وەرگرتووەو دەڵێت" بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کەشایستەیی ئەوەیە ھەڵگری ئەو خەڵاتەو خەڵاتی تری جیھانی بێت".

دەقی راگەیاندراوەکە .. 
  
راگەیەندراوی وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی جیھانی لەلایەن (بەختیار عەلی)یەوە: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەخشینی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی ئەڵمانی لەبواری ئەدەبی بەنوسەر و ئەدیب بەختیار عەلی بەرز دەنرخێنێت، ھاوکات بەگرنگیشی دەزانێت کەناوی نوسەرێکی بەتواناو خاوەن سەلیقەیەکی ئەدەبی پڕ لەداھێنان، دەچێتە ڕیزی ژمارەیەک ئەدیب و نوسەری ناسراوی جیھان، بڕواشمان وایە بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کەشایستەیی ئەوەیە ھەڵگری ئەو خەڵاتەو خەڵاتی تری جیھانی بێت. خەڵاتی نیللی زاکس ٢ ساڵ جارێک لەشاری دۆرتمۆرد لە ئەڵمانیا دەدرێت بەو نوسەرو ئەدیبانەی کەجێدەستیان لەداھێنان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتنی نێوان گەلاندا دیارە. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دنیای ڕۆمانی کوردی لەڕێگەی بەختیار عەلییەوە تێکەڵ بەئەزموونی جیھانی خۆرئاوا دەبێتەوەو بۆیەکەمجار ڕۆماننوسێکی کورد ئەم خەڵاتە وەردەگرێت. بەختیار عەلی چۆن لەفەزای داھێنانی تایبەتی خۆیدا لەسنورەکان دەدات و لەئەزمونێک بۆ ئەزمونێکی فراوانتر دەگوازێتەوە، ھاوتەریب بەوە، وەکو دیاردەیەکی ئەدەبی، دیاریکرواتریش وەکو رۆمان نوسێک، بۆ جوگرافیایەکی جیھانی درێژدەبێتەوەو دوای ماوەیەکی کەم لەوەرگێڕانی بەشێک لەنوسینەکانی بۆ زمانی ئەڵمانی، توانی پێگەیەکی باش لەتاراوگە دروست بکات و ئەمڕۆش گەیشت بەو ئاستە جیھانیە. ئەو وەک چۆن لەوەدا سەرکەوتوبوو بەتوانای تاکەکەسی خۆی گۆڕانکاری گەورە لەبواری نوسین و فیکرو بونیادی دەربڕینی زمانی کوردیدا بکات، ئاواش بەداھێنانەکانی توانی لەتخوبی لۆکاڵی بپەڕێتەوەو تێکەڵ بەڕۆشنبیری و دنیای ئەدەبی مۆدێرن ببێت. رەنگە لێرەدا جیاوازی بەختیار عەلی لەگەڵ بەشێک لەونوسەرانەی بەڕەگەز دەبنەوە بەکورد ئەوەبێت، بەختیار بەکوردی دەنوسێت. واتا ئەو بەخەسڵەتی کوردی نوسینەوە رەھەندێکی حیھانی وەردەگرێت، ھەندێک لەوانی تر پێویستیان بەوە بوو بەزمانی تر دەربڕی لەخۆیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو خەسەڵەتە جیھانیە وەربگرن. بێگومان کردنەوەی دەرگای جیھانی بەڕوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا، ڕوداوێکی گرنگ و ھەواڵێکی خۆشە بۆ ھەمومان. وەک چۆن لەم چوارچێوەیە ھەر ئەم ساڵ چۆمان ھەردی توانی خەڵاتی باشترین وەرگێڕ بەدەست بێنێ لەبەرامبەر وەرگێڕانی دەقی (دەربەندی پەپولە)ی مامۆستای کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس. ھەر بەم بۆنەیەشەوە سوپاس و پێزانینی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دۆرتمۆرد دوپاتدەکەینەوە کەلەڕێگەی بەختیار عەلیەوە ئاوڕیان لەدنیای داھێنانی کوردیدا دایەوە و پیرۆزبایش لەکاک بەختیار عەلی و سەرجەم نوسەران و رۆشنبیرانی کوردیش دەکەین.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ٢٠١٧/١٢/١٠



PM:11:04:10/12/2017