گۆڕان داوای بایكۆتی سەرتاسەری فەرمانبەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەكات

ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندان مافێكی ئاسایی‌و رەوای خەڵكە، دەشڵێت "داوا لە هەمو فەرمانبەرانی هەرێم دەكەم لە تێكڕای دامەزراوە حكومییەكانی شارو شارۆچكەكانی هەرێم بڕیار بدەن كە لەمڕۆوە بایكۆتی دەوام بكەن‌ تاكو ئەم حكومەتە دەست لەكاردەكێشێتەوە".


شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لەوتارێكدا بڵاویكردەوە، "خۆپیشاندان مافێكی ئاسایی‌ و رەوای خەڵكە، هاوڵاتیانی كوردستان حەزیان نەكردوە بۆ خستنەروی داواكارییەكانیان خۆپیشاندان بكەن، بەڵام كاتێك لە دەسەڵات نا ئومێد بون‌‌و دڵنیا بون كە دەسەڵات باكی بە حاڵی شێواوی هاوڵاتیان نیەو گوێ لە داواكانیان ناگرێت، ئینجا پەنایان بۆ خۆپیشاندان برد".

 ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەركی خۆپیشاندەرانیشە كە بە شێوازێكی مەدەنی داواكارییەكانیان بخەنەڕوو، نەك بە پەلاماردانی بارەگاو دامەزراوەكان، چونكە گەر خۆپیشاندانەكان توندوتیژی بەخۆوە ببینێت ئامانجەكانیان بەدی نایەت‌و دەسەڵاتە چەواشەكارەكەی كوردستان راستییەكان هەڵدەگێڕێتەوە و بێباكانە خوێنی هاوڵاتیان دەڕێژێ، ئەوە جگە لەوەی ئەم هەلە لەلایەن هەڵپەرستان‌و دوژمنانی گەل‌ دەقۆزرێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای خۆیان.

وتیشی، "كەسێك نیە تۆسقاڵێك هەست‌ و بەرپرسیارێتی مرۆڤانە و كوردانەی هەبێ نەزانێ، كە خوێنی پەنجەی هاوڵاتیەكی كوردستان بارتەقای بەهای داروپەردووی هەمو بارەگای تێكڕای حیزبەكانی كوردستانە لە گشت شارەكان".

دەشڵێت، "ئێستاش بۆ ئەوەی خوێنی ئەو شەهیدانە بەفیڕۆ نەچێ‌و چیتر خوێنی لاوەكانمان نەڕژێ‌و ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی كوردستان كۆتایی بێت، داوا لە هەمو فەرمانبەرانی هەرێم دەكەم لە تێكڕای دامەزراوە حكومییەكانی شارو شارۆچكەكانی هەرێم بڕیار بدەن كە لە مڕۆوە بایكۆتی دەوام بكەن‌ تاكو ئەم حكومەتە دەست لەكاردەكێشێتەوە".




AM:10:36:20/12/2017