لەبارەی ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

دوای ئەوەی لە راگەیەندراوێكدا، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق ماوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانی بۆ دوو مانگی دیكە درێژكردەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.


سالم سودانی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە میدیا عێراقیەكانی راگەیاندووە،  بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی داخستنی ھەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی تا مانگی شوباتی داھاتوو، دوورە لە راستییەوە و ئەو دوو فڕۆكەخانەیە تا كاتێكی نادیار داخراون و كردنەوە و داخستنیشیان لە دەسەڵات و ئەركی حكومەتی عێراقدایە.

دوێنێ دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە بڕیاردراوە بەدرێژكردنەوەی ماوەی داخستنی ھەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بۆ دوو مانگی دیكە، تا 28ی شوباتی 2018 .

رۆژی 29ی ئەیلولی رابردوو حكومەتی عێراق لەكاردانەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، بڕیاریدا گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی رابگرێت .



PM:06:53:28/12/2017