وەزارەتی تەندروستی لیستی مووچەی خۆی رەوانەی حکومەتی بەغدا دەکات

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیاند" لیستی مووچەخۆران و نوێنەرانیان ئامادەكراوە و رەوانەی بەغدا دەكرێت".

خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان راگەیاند "لە رێگەی سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە داوامان لێكراوە ئامادەكاری بكەین، نوێنەرمان دیاركردووە، بۆ ئەو كۆبوونەوانەی كە لە چەند رۆژی داھاتوو دەست پێدەكات، ھەروەھا لیستی مووچەخۆران، بە پشت بەستن بە سیستمی بایۆمەتری ئامادەكراوە، ئەو لیستە لەگەڵ نوێنەرمان رەوانەی بەغدا دەكەین، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی"تا ئێستا تەنھا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە گفتوگۆكراوە، لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی داھاتوودا كە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت وردەكارییەكان باس دەكرێت".

خاڵس قادر، گوتیشی "نازانین ئەو مووچەی دەنێردرێت ھی كام مانگە، بەڵام ئێمە لیستی مووچەی مانگی 12 مان ئامادەكردووە".
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم، زیاتر لە 52 ھەزار فەرمانبەری ھەیە.



PM:06:42:30/12/2017