سلێمانی..کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، کە بەھۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ھاتووە "ئەمڕۆ ئەمڕۆ لە ناحیەی (گەرمک)ی سەر بە قەزای (پێنجوێن) سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردندا لەسەر ڕێگەی گوندی (میشاو)، ھاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و دوو ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون".

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش دەکات، کە دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کران و تەرمی کوژراوەکەش گەیەنرایە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە سلێمانی .

باس لەوەش کراوە، کە ئێستا لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، بە فەرمانی دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرکراوە.

لەبارەی ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە، پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە "ئەو ھاووڵاتییەی بەھۆی ڕووداوەکەوە گیانی لەدەست داوە، ناوی (ت،ج،س)ە و تەمەنی 20 ساڵ بووە"، بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانیش، قوربانییانی ئەم ڕووداوە "دوو کوڕ و باوکێکن".



PM:07:41:10/01/2018