كوڕی بەرپرسێكی باڵا دەستگیركرا

كوڕی پارێزگاری نەجەف لەگەڵ باندێكی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لە بەغدادی پایتەختی عێراق دەستگیركراوە  و زانیاری لەبارەی باندەكەشەوە ئاشكرادەكرێت.

ماڵپەڕی "بەغداد یوم" لەزاری سەرچاوەیەكەوە ڕایگەیاندووە "بە سەرپەرشتی مەیدانی لیوا عمید عدنان حەسەن حمد درویش دەركەوتووە كە باندێك هەن لەناوچەكانی بەغداد بازرگانی مادەی هۆشبەر دەكەن ".

وتیشی "بە هاوكاری لەگەڵ پۆلیسی ئیتیحادی و یەكەكانی نەهێشتنی تاوان لە ٢٠-١-٢٠١٨ باندەكە دەستگیركراون، لە سێ كەس پێكهاتبون و لە نێوانیادا كوڕی پارێزگاری نەجەف هەبووە ".

دوپاتیشكراوەتەوە "لەكاتی دەستگیركردنەكەدا ٢٨ كیس لە حەشیش كە هەریەكەیان ١٩٠ گرام بووە و ٢٠٠ كیسی بچوك كە هەریەكەیان ٢٠ گرام بووە و ٧ كیسی ١٠٠٠ حەبی و بەكۆمەڵ ٧٠٠٠ حەب دەستی بەسەردا گیراوە ".

پۆلیس توانیویانە دەست بەسەر دەمانچەیەك و ١٧٠ هەزاردیناری عێراقی بگرن  و لەئێستادا باندەكە و كەرەستە دەستبەسەرداگیراوەكان ڕادەستی لایەنی بەرپرسەكان كراون .

كوڕی پارێزگاری نەجەف ناوی جەواد لوئی جەوادە و لەدەزگای هەواڵگری كاریكردووە و پلەی باڵای لەو هێزانەدا هەبووە .



PM:02:37:22/01/2018