سوپای توركیا هێرشی فراوانی دەستپێكرد

سوپای‌ توركیا هێرشێكی‌ فراوانی‌ بۆسەر عەفرین دەستپێكردو لەلایەن یەپەگەوە پەلامارەكە تێكشكێندرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ 28ی 1ی 2018، هێزەكانی سوپای توركیا بەشێوەیەكی‌ بەربڵاو پەلاماری‌ زەمینیان بۆ بەرزاییەكانی "قستل"ی سەر بەناحیەی شەرا دەستپێكرد.

هەسەدە ئاشكرایكردوە، لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەتوندی وەڵامیان دراوەتەوە و لەئەنجامیشدا وێڕای شكستپێهێنانی پەلامارەكە و تێكشكاندنی‌، زیانی گیانی و مادی بەهێزەكەش گەیەنراوە و ئەوەش ڕاگەیەندراوە "دوای شكستی ئەو پەلامارە، فڕۆكە جەنگیەكان توركیا لەئاسمان و تۆپخانەكانیان دەستیان بەبۆردومانی گوندی (قودە)ی سەر بەناحیەی ڕاجو كردوەو تا ئامادەكردنی ڕاگەیەنراوەكەش لەئاسمان و زەمینەوە بۆردومان بەردەوامە".

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون و برینداربوون.



PM:12:20:28/01/2018