ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێم ڕاگەیەندرا

وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم ڕایگەیاند ڕێژەی‌ توشبون بەشێرپەنجەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان كەمیكردوە و داواشیكرد خۆیان بەدوربگرن لەجگەرەكێشان و خواردنەوەی‌ مادە كحولیەكان.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەمیانی‌ دانانی‌ بەردی‌ بناغەی‌ نەخۆشخانەیەكی‌ نوێ بۆ چارەسەركردنی‌ نەخۆشانی‌ تالاسیمیاو شێرپەنجە لەڕۆژی‌ جیهانی‌ شێرپەنجەدا، د.ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم ڕایگەیاند، "ساڵی‌ 2017 ژمارەی‌ ئەوكەسانەی‌ توشی‌ شێرپەنجە بون بریتی‌ بون لەچوار هەزارو 808 هاوڵاتی، ئەوەش بەراورد بەساڵی‌ پێشتر واتە 2016 كەمبۆتەوە و لەساڵی‌ 2017 لەهەر 100 هەزار هاوڵاتیەك 92 كەس توشی‌ شێرپەنجە بوو، بەڵام لە 2016دا ڕێژەكە 99 كەس بوو".

دروشمی‌ ئەمساڵی‌ ڕۆژی‌ جیهانی‌ شێرپەنجە دەڵێت (من دەتوانم .. ئێوە دەتوانن) لەو ڕوەشەوە د.ڕێكەوت پەیامێكی‌ ئاراستەی‌ سەرجەم هاوڵاتیانی‌ هەرێم كردو داوایكرد، تا دەتوانرێت خواردنی‌ سەوزەو میوە زیادبكرێت و هەروەها زیاتریش لەجگەرەكێشان و خواردنەوە كحولیەكان دوربكەونەوە.



PM:01:50:04/02/2018