کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی حیزبەکان شکستی هێنا

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی حیزبەکان کە لە پلاندا بوو رێکبەکەون بەیەک لیست لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشداری بکەن، ئەمڕۆ شکستی هێنا.

سەعد خالید ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبی زەحمەتکێشان لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" بەهۆی دواکەوتنی نوێنەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، کاتێک کە ئەوان گەیشتن هەندێک لە وەفدی حیزبەکان رۆشتبوون، ئەمەش بووە مایەی ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەکە.
سەعد خالید وتیشی تا ئێستا هیچ کاتێکی تر دانەنراوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی نوێ لە نێوان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی لایەنە کوردستانییەکاندا.

خەسرەو گۆران بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان پێش جێهشتنی کۆبوونەوەکە وتی " پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، کورد بەیەک لیست بەشداری بکەین، یان هەمووان بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەین".

ماوەیەکە حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەرقاڵی کۆکردنەوەی حیزبە کوردستانییەکانە بۆ ئەوەی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان یەک لیست پێکبهێنن، دوێنێ مەکتەبی سیاسی حیزبەکان بە بەشداری هەمووان لە بارەگای زەحمەتکێشان لەهەولێر  کۆبوونەوەو بڕیار درا ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ ی شوبات کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی حیزبەکان بۆ وردەکاری پێکهێنانی قەوارەکان کۆببنەوە، بەلآم بەهۆی دواکەوتنی یەکێتی یەوە کۆبوونەوەکە سازنەکرا. 



PM:12:25:08/02/2018