ناوەندی شاری عەفرین بۆردومان دەكرێت

سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بۆردومانی ناوەندی شاری عەفرینیان دەستپێكردەوە و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاوڵاتی.

نوری مەحمود، وتەبێژی یەپەگە رایگەیاند، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی توركیا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستیانكردووە بە بۆردومانكردنی ناوەندی شاری عەفرین و بەهۆیەوە هاوڵاتییەك شەهیدبووە و چواری تریش برینداربوون، وتیشی "بۆردومانەكان بە چەكی قورس ئەنجامدەدرێت و گەڕەك و ناوچە ئاوەدانەكانی عەفرینی كردووەتە ئامانج، هەروەها نەخۆشخانەی عەفرینیش بەركەوتووە".

بەگوێرەی راگەیاندنی هەسەدە، سوپای توركیا لە ماوەی ئەو ٢٣ ڕۆژی شەڕی عەفریندا ٦٦٨ هێرشی بە فڕۆكەی بۆمبهاوێژ كردووەتە سەر ناوچەی ئاوەدانی و شوێنی نیشتەجێبونی هاووڵاتیان و ڕێگاوبان و دامەزراوە خزمەتگوزاری و ناوەندە ئابوورییەكان.

هەروەها ٢٦٤٥ جار بە مووشەكی دوورهاوێژ و تۆپی سەر تانك ناوچەكەی بۆردومانكردووە، و ١٦ جاریش بە كۆپتەر ناوچەكەی مووشەكباران كردووە.



PM:01:28:13/02/2018